کۆریای باشوور بەشداریکردن لە ئۆپەراسیۆنی گەرووی هورمز تاوتوێ دەکات

KNN : Kurdish News Network
10:17 - 05/05/2026
جیهان
+
-

کۆریای باشوور ڕایگەیاند، پێداچوونەوە بە هەڵوێستی خۆیاندا دەکەن بۆ بەشداریکردن لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمەریکا لە گەرووی هورمز، ئەمەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا داوای لێکردن بەشداری بکەن بەهۆی ئەو هێرشەی کرایە سەر یەکێک لە کەشتییەکانیان لە ناوچەکە.

 

ڕۆژی دووشەممە، تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوە لە کەشتییەکی بارهەڵگری کۆریای باشوور لە گەرووی هورمز ڕاگەیەندرا، کە لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە 28ی شوباتەوە بەکردەیی داخراوە. لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باشوور ڕۆژی سێشەممە پشتڕاستیکردەوە کە هەر 24 ئەندامی تیمی کەشتییە زیانپێکەوتووەکە بەناوی "ئێچ ئێم ئێم ناموو" (HMM Namu)، کە شەشیان کۆرین، سەلامەتن و هیچ زیانێکیان بەرنەکەوتووە.

 

لە کاردانەوەی ئەو ڕووداوەدا، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، پێویستە ئەم ڕووداوە سیئۆل هان بدات بۆ چوونە پاڵ هەوڵەکانی ئەمەریکا بەمەبەستی یاوەریکردنی ئەو کەشتییانەی لە گەرووەکەدا گیریان خواردووە. لای خۆیەوە وەزارەتی بەرگریی کۆریای باشوور ئاماژەی بەوە کرد، بەبێ ئەوەی لە ئێستادا بەڵێنی هیچ گۆڕانکارییەک بدەن، "بە وردی پێداچوونەوە بە هەڵوێستی خۆیاندا دەکەن"، بڕیارەکەشیان بەپێی یاسای نێودەوڵەتی، سەلامەتیی ڕێڕەوە ئاوییەکان، هاوپەیمانییان لەگەڵ ئەمەریکا و دۆخی ئەمنیی نیمچەدوورگەی کۆریا دەبێت.

 

سەبارەت بە هۆکاری ڕووداوەکە، وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باشوور ڕوونیکردەوە، هۆکاری دروستی ڕووداوەکە دوای ڕاکێشانی کەشتییەکە و هەڵسەنگاندنی زیانەکان دیاری دەکرێت. هاوکات وتەبێژی کۆمپانیای (ئێچ ئێم ئێم) ئاشکرایکرد، تیمەکە هێشتا لەناو کەشتییە بارهەڵگرەکەدان کە توانای هەڵگرتنی 35 هەزار تۆن باری هەیە، ئاگرەکەش لە ژووری بزوێنەرەکان کەوتووەتەوە و وەک لە کامێراکانی چاودێرییەوە دەردەکەوێت، کوژێندراوەتەوە.

 

کۆمپانیای (ڤانگوارد)ی بەریتانی بۆ بەڕێوەبردنی مەترسییە دەریاییەکانیش دەڵێت، دەسەڵاتداران بەنیازین لێکۆڵینەوە بکەن بۆ زانینی ئەوەی ئایا زیانەکە بەهۆی هێرشێک، مینێکی دەریایی، یان تەنێکی دیکەی دەرەکییەوە بووە. لە دوای ڕووداوەکەش، وەزارەتی زەریا و ماسیگریی کۆریای باشوور داوای لە کەشتییەکانی وڵاتەکەی کردووە بچنە ناوچەی ئارامترەوە و ڕاشیگەیاندووە کە لە پەیوەندیی نزیکدان لەگەڵ کۆمپانیاکانی گواستنەوە و ئەو کەشتییانەی گیریان خواردووە، بەوپێیەی لە ئێستادا 26 کەشتی کە ئاڵای کۆریای باشووریان هەڵکردووە، لە گەرووی هورمز گیریان خواردووە.

137 جار خوێندراوەتەوە