هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێ خێراتر دەبن؛ نزیکەی 40٪ پۆستەکان یەکلایی نەبوونەوە

KNN : Kurdish News Network
09:49 - 05/05/2026
عێراق
+
-

پەرلەمانی عێراق چاوەڕوانە لە 48 کاتژمێری داهاتوودا بەرنامەی حکومەت بگاتە دەستی بۆ ئەوەی بخرێتە بەردەم پەرلەمانتاران و لەلایەن لیژنەی پلاندانانی ستراتیژییەوە تاوتوێ بکرێت، هاوکات چاوەڕوان دەکرێت هەفتەی داهاتوو پێکهاتەی کابینەی وەزاری بخرێتە دەنگدانەوە.

 

هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، کۆتایی ئەم هەفتەیە بەرنامەی چاوەڕوانکراوی حکومەت لەلایەن عەلی زەیدی، کاندیدی راسپێردراو بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران دەگاتە پەرلەمان و پاشان دەخرێتەڕوو، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکارییە سیاسییەکان بۆ دیاریکردنی کابینەی وەزاری.

 

لەو چوارچێوەیەدا، محەممەد شەممەری، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی خەدەمات لە لێدوانێکدا بە ڕۆژنامەی (سەباح)ی ڕاگەیاندووە، خستنەڕووی کابینەی وەزاری لە وادەی خۆیدا دەبێت و عەلی زەیدی لە یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکە بەردەوامە. ئاماژەی بەوەشکردووە، لەسەر زۆربەی وەزارەتەکان ڕێککەوتن کراوە و تەنها لە سەدا 40ی پۆستەکان هێشتا گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت.

 

شەممەری باسی لەوەشکرد: "ناکۆکییەکان کەم بوونەتەوە و زۆربەی گرێ سیاسییەکان تێپەڕێنراون، بەتایبەت لەناو هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، هاوکات پەرلەمان دەسەڵاتی هەیە تێبینی یان ناڕەزایی لەسەر ناوەکان هەبێت، بۆیە کاندیدی راسپێردراو بۆ سەرۆکوەزیران بۆ هەندێک وەزارەت زیاتر لە کاندیدێک دەخاتەڕوو."

 

لەلایەکی دیکەوە، حامید فەتلاوی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی نەهجی وەتەنی ڕایگەیاند، هێزە سیاسییەکان هەوڵ دەدەن کۆبوونەوەکان خێراتر بکەن بۆ ئەوەی لە ماوەی دەستووریدا حکومەت پێکبهێنرێت، یان بەشێکی کابینەکە لە قۆناغی یەکەمدا تێپەڕێنرێت.

 

ڕوونیشیکردەوە، هێشتا گفتوگۆ لەسەر هەندێک پۆستەکانی جێگرانی سەرۆک وەزیران و جێگرانی سەرۆک کۆمار بەردەوامە.

 

هەر پەیوەست بەو پرسە، محەممەد حیسام حسێنی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییە نیشتمانییەکان لە ڕەوتی حیکمە ئاشکرایکرد، دانوستانە سیاسییەکان سەبارەت بە دابەشکردنی پۆستە وەزارییەکان گەیشتوونەتە قۆناغێکی پێشکەوتوو، پێشیوایە ڕەنگە بەپێی لێکتێگەیشتنەکان، هەندێک لە وەزارەتەکان لە نێوان پێکهاتەکاندا سەرلەنوێ دابەشبکرێنەوە.

 

لەلایەکی دیکەوە ماڵپەڕی بەغداد ئەلیەوم لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە، سووننەکان لە سەر پرسی دیاریکردنی کاندیدەکانیان بۆ پۆستە وەزارییەکان گەیشتوونە رێککەوتن و لە ماوەی چەند کاتژمێری داهاتوودا لیستی ناوەکان رادەستی کاندیدی راسپێردراو بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیران دەکەن.

248 جار خوێندراوەتەوە