فەرماندەی
بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیا ڕایدەگەیەنێت، ئاسایشی گەرووی هورمز لەدەست هێزە
چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندایە و هۆشداریش دەداتە هێزە بیانییەکان،
بەتایبەت سوپای ئەمریکا، کە ئەگەر بەبێ هەماهەنگی نزیکی گەرووەکە ببنەوە،
ڕووبەڕووی هێرش دەبنەوە.
لیوا عەلی عەبدوڵڵاهی، فەرماندەی بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیا لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند:
"بە هەموو توانامانەوە ئاسایشی گەرووی هورمز دەپارێزین و بەهێزەوە بەڕێوەی
دەبەین، داواش لە سەرجەم کەشتییە بازرگانی و نەوتهەڵگرەکان دەکەین، خۆیان بەدوور
بگرن لە تێپەڕین بەبێ هەماهەنگی لەگەڵ هێزە چەکدارەکانمان لە گەرووەکەدا، بۆ ئەوەی
ئاسایشیان نەکەوێتە مەترسییەوە."
هەروەها
ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرکردەکان و سوپای ئەمریکا لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا
دەستیان داوەتە "چەتەیی دەریایی" و ئاسایشی ئابووریی جیهانیان خستووەتە
مەترسییەوە، جەختیشیکردووەتەوە کە ئێران وەڵامێکی قورس و پەشیمانکەرەوەی بۆ هەر
هەڕەشە و دەستدرێژییەک دەبێت لە هەر ئاستێکدا بێت.
لە کۆتاییشدا
هۆشداری داوەتە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا کە ئاگادار بن و هەنگاوێک نەنێن دواتر
پەشیمانی بەدوادا بێت، چونکە هەوڵەکانی ئەمریکا تەنها دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات و
ئاسایشی کەشتییەکان لە ناوچەکەدا دەخاتە مەترسییەوە.
225 جار خوێندراوەتەوە