پۆلیسی واشنتن
و دەزگا ئەمنییەکانی ئەمەریکا زانیاریی نوێ لەسەر هێرشەکەی سەر ئاهەنگی خوانی
پەیامنێرانی کۆشکی سپی ئاشکرا دەکەن. هێرشبەرەکە مامۆستایەکی بێ پێشینەی
تاوانکارییە و بەتەنها هێرشەکەی ئەنجامداوە، هاوکات دانی بەوەدا ناوە کە ئامانجی
بووە بەرپرسانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بکاتە ئامانج.
سەرۆکی
شارەوانیی واشنتن ڕایگەیاند، هێرشبەرەکە کەسێکی چەکدار بووە و هەڵیکوتاوەتە سەر
خاڵێکی پشکنینی سەر بە دەزگای خزمەتگوزاریی نهێنی لە ڕاڕەوی هۆتێلەکەدا، بەڵام
دەستبەجێ لەلایەن کارمەندێکی ئەو دەزگایەوە کۆنترۆڵ کراوە. لای خۆیەوە سەرۆکی
دەزگای ئاسایشی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا پشتڕاستی کردەوە کە هێرشبەرەکە هەر کە نزیکی
شوێنەکە بووەتەوە، دەستگیرکراوە و ڕێگری لێ کراوە.
بەپێی
زانیارییەکانی پۆلیسی پایتەختی ئەمەریکا، گومانلێکراوەکە پێشتر لەو هۆتێلەدا
نیشتەجێ بووە کە ئاهەنگەکەی تێدا بەڕێوەچووە و، لە کاتی هێرشەکەشدا چەکێکی ڕاو،
دەمانچەیەک و چەند چەقۆیەکی پێبووە. لە نوێترین پێشهاتیشدا تۆڕی هەواڵی (سی ئێن
ئێن) بڵاویکردەوە، هێرشبەرەکە پیشەی مامۆستایە و هاوکات گەشەپێدەری یارییە
ڤیدیۆییەکانە. لە لایەکی دیکەشەوە، تۆڕی (ئێن بی سی) لە زاری بەرپرسانی ئەمنییەوە
گواستییەوە کە تۆمەتبارەکە هیچ پێشینەیەکی تاوانکاریی نەبووە و پێشتر لەلایەن
دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاساوە چاودێری نەکراوە.
وتەبێژی پۆلیسی
واشنتن ئاماژەی بەوە کرد، لێکۆڵینەوەکان لە قۆناغی سەرەتاییدان، بەڵام هەموو
ئاماژەکان بۆ ئەوەن کە کەسەکە بە تەنها کاری کردووە و لەلایەن هیچ لایەنێکەوە
پاڵپشتی نەکراوە و، هیچ هۆکارێکیش نییە بۆ ئەوەی پێیان وابێت کەسانی دیکە
تێوەگلاون. لەم چوارچێوەیەدا، تۆڕی (سی بی ئێس) ئاشکرایکرد کە هێرشبەرەکە لە کاتی
لێکۆڵینەوەکاندا دانی بەوەدا ناوە کە بە دیاریکراوی مەبەستی بووە بەرپرسانی
ئیدارەی ترەمپ بکاتە ئامانج.
سەبارەت بە
ڕێکارە یاساییەکانیش، وەزیری دادی ئەمەریکا بە وەکالەت ڕایگەیاند، بە فەرمی دوو
تۆمەت ئاڕاستەی تۆمەتبارەکە کراون و بڕیارە سبەینێ دووشەممە ببرێتە بەردەم دادگا
بۆ بینینی دۆسیەکەی.
574 جار خوێندراوەتەوە