تاران هۆشداریی توند دەدات و بۆ سیناریۆی جەنگ لەگەڵ ئەمریکا ئامادە دەبێت

KNN : Kurdish News Network
09:38 - 19/04/2026
جیهان
+
-



ئێران ئاشکرای دەکات کە خۆی بۆ هەموو ئەگەرەکان و هەڵگیرسانەوەی جەنگ لەگەڵ ئەمریکا ئامادە کردووە و ڕایدەگەیەنێت، لە ئەگەری هەر هێرشێکدا، ناوچە ستراتیژییەکانی وەک بابولمەندەب و ئارامکۆ دەبنە ئامانجی ڕاستەوخۆ


بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە، ئێران چاودێریی جموجۆڵە سەربازییەکانی ئەمریکای لە ناوچەکە کردووە، کە خۆیان لە جوڵاندنی ناوە جەنگییەکان، دروستکردنی پردی ئاسمانی بۆ گواستنەوەی چەک بە فڕۆکە قورسەکانی (C5 و C17)، و ئەنجامدانی مەشقی سەربازی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی کەناراوەکان لە بەحرەین دەبینێتەوە


تاران دووپاتیدەکاتەوە، کە ئەگەرچی واشنتۆن لە ڕێگەی میدیاکانەوە پەیامی دانوستان بڵاودەکاتەوە، بەڵام هاوکات خەریکی ئامادەکاریی سەربازییە. لایەنی ئێرانی ئاماژە بەوە دەکات کە سیناریۆی جەنگ بە گونجاوتر دەبینن و لە دوو هەفتەی ڕابردوودا هەموو تەدابیرێکی پێویستیان گرتووەتە بەر بۆ وەڵامدانەوەیەکی توند کە تێیدا "کاتژمێری جەهەنمی" بۆ هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دروست دەکەن


هەروەها لە پەیامێکی تونددا، ئێران هۆشداری دەدات کە ئەمجارە پارێزبەندی و دانبەخۆداگرتنی گەڕی یەکەمی جەنگی نابێت و ئەگەر ژێرخانەکانی بکرێنە ئامانج، ئەوا هێرشەکانیان بۆ سەر بابولمەندەب، دامەزراوەکانی ئارامکۆ، یەنبوع و فجەیرە دەستپێدەکەن و بازنەی جەنگەکە بە تەواوی فراوان دەکەن

44 جار خوێندراوەتەوە