ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، ڕایگەیاند
کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ڕێگەی "عاسم مونیر" فەرماندەی
سوپای پاکستانەوە، پێشنیازێکی نوێی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان ئاراستەی تاران
کردووە، بەڵام هێشتا سەرقاڵی لێکۆڵینەوە
و هەڵسەنگاندنی وردی پێشنیازەکەین و تا ئێستا هیچ وەڵامێکی فەرمیمان نەداوەتەوە
هەواڵ: KNN
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی ئەنجومەنەکە، فەرماندەی
سوپای پاکستان لە سەردانەکەیدا بۆ تاران ڕۆڵی ناوبژیوانی گێڕاوە و پەیامە نوێیەکەی
لایەنی ئەمریکی گەیاندووە. تاران ئاماژەی بەوە کردووە کە هێشتا سەرقاڵی لێکۆڵینەوە
و هەڵسەنگاندنی وردی پێشنیازەکەیە و تا ئێستا هیچ وەڵامێکی فەرمیی نەداوەتەوە.
ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی جەختی کردووەتەوە
کە شاندی دانوستانکاری وڵاتەکەیان "هیچ جۆرە پاشەکشە و سازشێک" لە بەرژەوەندییەکانی
ئێران ناکات و ئامانجیان پاراستنی ئەو دەستکەوتانەیە کە لەم قۆناغەدا بەدەستیان هێناوە.
لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، یەکێک
لە مەرجە سەرەکییەکانی ئێران بۆ قبوڵکردنی ئاگربەست، گشتگیربوونی بووە لە هەموو بەرەکان
بە لوبنانیشەوە. ئێران دەڵێت: "هەرچەندە ئیسرائیل لە سەرەتاوە بە هێرشەکانی بۆ
سەر حزبوڵڵا ئەمەی پێشێل کرد، بەڵام دواجار بەهۆی پێداگریی تارانەوە، تەلئەبیب
ناچار بوو ئاگربەست لە لوبنان قبوڵ بکات."
سەبارەت بە پرسی هاتوچۆی دەریایی، ئێران مەرجێکی
نوێی بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز داناوە. بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، تەنها لە حاڵەتێکدا ڕێگە
بە کردنەوەی "کاتی" گەرووەکە دەدرێت بۆ کەشتییە بازرگانییەکان (بێ کەشتییە
جەنگییەکان) کە لایەنی بەرامبەر لە هەموو بەرەکان پابەندی ئاگربەست بێت. هەر جوڵەیەک
بۆ گەمارۆی دەریایی یان ڕێگری لە کەشتییەکانی ئێران، وەک پێشێلکردنی ئاگربەست هەژمار
دەکرێت و دەبێتە هۆی داخستنەوەی گەرووەکە.
ئەم ڕاگەیەندراوەی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی
نیشتیمانی ئێران لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا،
ئەمڕۆ شەممە جەختی لەوە کردەوە کە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران بەردەوامن، بەڵام هۆشداریی
دا کە وڵاتەکەی ڕێگە نادات تاران ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر ئەمریکا
159 جار خوێندراوەتەوە