مەرجەکانی ئێران بۆ ئەمریکا چین؟ زانیاریی ورد لەسەر نەخشەڕێگا ١٠ خاڵییەکەی تاران بزانە

KNN : Kurdish News Network
10:30 - 10/04/2026
جیهان
+
-

ئەمڕۆ هەینی، لەژێر سێبەری ئەو ئاگربەستە دوو هەفتەییەی کە پێشتر ڕاگەیەندراوە، شاری ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان میوانداریی دانوستانی ڕاستەوخۆی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، لەکاتێکدا هەریەک لە لایەنەکان مەرج و داواکارییەکانی خۆیان خستووەتە ڕوو.


شاندەکەی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا و شاندەکەی ئێرانیش بە سەرۆکایەتیی محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئەو وڵاتە بەشداریی کۆبوونەوەکان دەکەن. بۆ ئەم مەبەستەش، تاران پێشنیازێکی 10خاڵیی وەک بنەمای گفتوگۆکان بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا داوای دیاریکردنی پێگەیەکی نوێ بۆ گەرووی هورمز، هەڵگرتنی سزاکانی سەر وڵاتەکەی، قبوڵکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم، کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە سەرجەم بنکەکانی ناوچەکە، قەرەبووکردنەوەی تاران بۆ زیانەکانی جەنگ و کۆتاییهێنان بە جەنگ لە سەرجەم بەرەکاندا (بە لوبنانیشەوە) دەکات. هاوکات داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش و ئاژانسی وزەی ئەتۆم، ئازادکردنی پارە سڕکراوەکانی دەرەوە و دەرکردنی بڕیارێکی نێودەوڵەتیی پابەندکەر بۆ مسۆگەرکردنی ڕێککەوتنەکە دەکات.


لە بەرامبەردا، واشنتۆن مەرجەکانی خۆی دیاریکردووە. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی داوەتە ئێران لە سەپاندنی باج بەسەر کەشتییە بازرگانییەکانی گەرووی هورمز و جەختی لە کرانەوە و پاراستنی ئاسایشی جموجۆڵی کەشتییەکان لەو گەرووەدا کردووەتەوە. هەروەها بەرپرسانی ئەمریکا سوورن لەسەر ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی، لەگەڵ داواکاریی کۆتاییهێنان بە بەرنامە مووشەکییە مەودا درێژەکان و ڕاگرتنی پاڵپشتییەکانی تاران بۆ میلیشیا چەکدارەکانی ناوچەکە، بەتایبەت لە عێراق و لوبنان.


سەرەڕای ئەوەی ترەمپ شەوی ڕابردوو گەشبینیی خۆی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن دەربڕیوە و محەممەد ڕەزا عارف، جێگری سەرۆکی ئێرانیش جەختی لە بەشداریی کارای وڵاتەکەی لە گفتوگۆکاندا کردووەتەوە، بەڵام چاودێران پێیان وایە سووربوونی تاران لەسەر پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم و کۆنتڕۆڵکردنی گەرووی هورمز، سەرەڕای ئەو زیانە گەورانەی لە جەنگەکەدا بەری کەوتووە، ڕەنگە ببێتە ئاستەنگ لەبەردەم دانوستانەکان و پرۆسەکە بەو ئاسانییە بەڕێوە نەچێت.

335 جار خوێندراوەتەوە