وەزارەتی دەرەوەی چین ڕایگەیاند، لە میانی کۆبوونەوەکانی شاری "ئورومچی"، هەردوو وڵاتی ئەفغانستان و پاکستان گەیشتوونەتە ڕێککەوت بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی گشتگیر بۆ ئەو ململانێ سەربازییەی لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە لەنێوانیاندا سەریهەڵداوە
ماو نینگ، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین، ئەمڕۆ چوارشەممە (8ی 4ی 2026) لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد، کابول و ئیسلام ئاباد لەسەر خاکی وڵاتەکەی کۆبوونەتەوە و لێکتێگەیشتن لەنێوانیاندا دروست بووە. بەپێی وتەکانی نینگ، هەردوولا پابەندبوونی خۆیان نیشانداوە بەوەی هیچ هەنگاوێکی سەربازی یان سیاسی نەنێن کە ببێتە هۆی ئاڵۆزکردنی زیاتری بارودۆخەکە یان پەرەسەندنی گرژییەکان
ئەم دەستپێشخەرییەی پەکین دوای ئەوە دێت کە لە کۆتایی ساڵی ڕابردووەوە پەیوەندییەکانی نێوان ئەفغانستان و پاکستان بەهۆی ململانێ سنوورییەکانەوە ڕووی لە گرژییەکی بێوێنە کردبوو.
33 جار خوێندراوەتەوە