فەرماندەی سوپای ئێران هەر هێرشێکی زەمینی بۆ سەر وڵاتەکەمان بە وەڵامێکی کوشندە ڕووبەڕوو دەبێتەوە

KNN : Kurdish News Network
11:39 - 02/04/2026
جیهان
+
-

فەرماندەی سوپای ئێران هۆشداری توند دەداتە هێزە نەیارەکانی و ڕایدەگەیەنێت، هەر هێرشێکی زەمینی بۆ سەر وڵاتەکەی بە وەڵامێکی یەکلاکەرەوە ڕووبەڕوو دەبێتەوە

 

 

لیوا عەبدولڕەحیم حاتەمی، فەرماندەی سوپای ئێران، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ فەرماندە مەیدانییەکانی سوپا دووپاتی کردەوە، هەر ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی دژ بە ئێران ئەنجام بدرێت، بە توندی وەڵام دەدرێتەوە و جەختی لەوەش کردەوە کە "هیچ ئەندامێکی هێزەکانی دوژمان ڕزگاری نابێت" ئەگەر هێرشی لەو شێوەیە جێبەجێ بکەن

 

حاتەمی داوای لە فەرماندە مەیدانییەکان کرد بەوپەڕی وردبینی و وریاییەوە چاودێری جووڵەی نەیارەکانیان بکەن و بەردەوام بن لە بەدواداچوونی گۆڕانکارییەکان. ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە پلانەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سیناریۆ جیاوازەکانی هێرش ئامادە بکرێن و لە کاتی گونجاودا جێبەجێ بکرێن بۆ ئەوەی هەر هەڕەشەیەکی ئەگەری پووچەڵ بکرێتەوە

 

فەرماندەی سوپای ئێران ڕاشیگەیاند، ئامانجی ئەوان دوورخستنەوەی شەبەنگی جەنگە لە وڵات و دەستەبەرکردنی ئاسایشی تەواوە بۆ هاوڵاتیان، وتیشی: "قبوڵ ناکرێت ناوچەی ئارام هەبێت لەسەر حیسابی ئاسایشی گەلی ئێران"

 

ئەم هەڕەشانەی ئێران لە کاتێکدایە، فرانك ماكنزی، فەرماندەی پێشووی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا ئاشکرای کردبوو کە سوپای وڵاتەکەی ساڵانێکە کار لەسەر داڕشتنی پلانی هێرشی زەمینی بۆ ناو خاکی ئێران دەکات

 

هاوکات ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بژاردەی ناردنی هێزی زەمینی بۆ ناو شەڕەکە تاوتوێ دەکات.

72 جار خوێندراوەتەوە