پەیامێکی نوێ لە ئیمراڵییەوە ئۆجەلان چارەسەری کێشەکان لە دیموکراسیدا دەبینێت

KNN : Kurdish News Network
10:15 - 31/03/2026
جیهان
+
-

عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە نوێترین پەیامیدا کە لە ڕێگەی شاندی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)ـیەوە بڵاوکرایەوە، ڕایگەیاند "هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ کۆماری تورکیادا نییە" و جەختی لەوە کردەوە کە کێشەکان تەنیا لە نەبوونی دیموکراسیدان

 

ئۆجەلان ئاماژەی بەوە کردووە کە چارەسەری ڕاستەقینە لە بەهێزکردنی کۆماردایە لە ڕێگەی سیستمێکی دیموکراسییەوە

 

لە پەیامەکەیدا کە دوای سەردانی شاندی دەم پارتی بۆ دوورگەی ئیمراڵی هات، ئۆجەلان هۆشداری دا لەوەی نابێت بە گۆشەنیگایەکی تەسک سەیری پرسی کورد بکرێت، چونکە ناوچەکە لەبەردەم پلانی قووڵدایە

 

ڕاشیگەیاند، دوای گۆڕانکارییەکانی سووریا، ئێستا پرسی شەڕی ئێران بووەتە ڕۆژەڤی سەرەکی و لەو چوارچێوەیەشدا سێ هێڵی ململانێ (ئیسرائیل، هێزە نێودەوڵەتییەکان بە پێشەنگایەتی بەریتانیا، و هێڵی دیموکراسی) دەرکەوتوون

 

ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، پێشهاتەکانی ئێرانی بە بەڵگەی "ڕەوایی و گرنگیی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا" ناوبرد و دووپاتی کردەوە کە سەردەمی خەباتی چەکداری بەتەواوی کۆتایی هاتووە

 

ئۆجەلان داوای کرد چارەسەرییەکان لەسەر بنەمای مێژوویی نێوان ئەنادۆڵ و میزۆپۆتامیا بونیاد بنرێن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە دۆخێکی یەکجار هەستیاردا تێدەپەڕێت و دەم پارتیش وەک نێوەندگیرێکی سەرەکی لە نێوان ئیمراڵی و دەرەوە ڕۆڵ دەگێڕێت.


31 جار خوێندراوەتەوە