وەزارەتی پەروەردە: هەموو جۆرە تاقیکردنەوەیەک لەناو قوتابخانەکان ڕادەگیرێت

KNN : Kurdish News Network
12:09 - 30/03/2026
کوردستان
+
-

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە نووسراوێکی فەرمیدا کە ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردەی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، گەرمیان، ڕاپەڕین، سۆران و زاخۆ) کراوە، ڕایگەیاند؛ دوای ڕاگەیاندنی پرۆسەی خوێندنی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین، پێویستە سەرجەم قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکان پابەندی ڕێنماییە نوێیەکان بن.

 

بەپێی نووسراوەکە کە واژۆی نوورەدین عوسمان سەعید، بەڕێوەبەری گشتی تاقیکردنەوەکانی بەسەرەوەیە، بڕیاردراوە بە ڕاگرتنی تەواوی هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوەکان لەناو بینای قوتابخانەکاندا. وەزارەت جەختی کردووەتەوە کە نابێت بەهیچ شێوەیەک قوتابیان و خوێندکاران سەردانی ناوەندەکانی خوێندن بکەن، بەڵکو لەم قۆناغەدا پرۆسەکە تەنها بەشێوەی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاین بەڕێوەدەچێت.

 

لە بەشێکی تری بڕیارەکەدا ئاماژە بەو قوتابخانە نێودەوڵەتییانە کراوە کە پەیوەستن بە تاقیکردنەوە دەرەکییەکان و کاتی دیاریکراویان هەیە؛ وەزارەتی پەروەردە داوای لێکردوون پێشوەختە بە نووسراوی فەرمی وەزارەت ئاگادار بکەنەوە تاوەکو ڕێکاری پێویست و ئاسانکارییان بۆ بکرێت بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانیان.

39 جار خوێندراوەتەوە