سوپای پاسدارانی ئێران بە فەرمی کوژرانی عەلیڕەزا تەنگسیری، فەرماندەی هێزی دەریایی سوپاکەی ڕاگەیاند ئەمەش دوای چەند ڕۆژێک لە بڵاوبوونەوەی دەنگۆیەک لەلایەن ئیسرائیلەوە سەبارەت بە گیانلەدەستدانی ناوبراو
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران، تەنگسیری لە کاتی ڕێکخستنەوەی هێزەکان و بەهێزکردنی "قەڵخانی بەرگریی" دوورگە و کەناراوەکانی ئێران بە سەختی بریندار بووە و دواتر بەهۆی سەختیی برینەکانیەوە گیانی لەدەستداوە
سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەش کردووە، پێش برینداربوونی، ناوبراو سەرپەرشتی چەندین هێرشی کردووە بۆ سەر ژێرخانەکانی "دوژمن" و خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی جەنگیی ئەمریکی
عەلیڕەزا تەنگسیری یەکێک بوو لە دیارترین فەرماندە سەربازییەکانی ئێران و لە ساڵی 2018ـەوە فەرماندەیی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی لە ئەستۆ بوو. ناوبراو لە ساڵانی 2019 و 2023 بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی کەشتیوانی و ناردنی درۆن بۆ ڕووسیا و سیستمی بەرگری بۆ سووریا، خرابووە لیستی سزاکانی ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپاوە
پێشتر و لە 26ی 3ی 2026، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەواڵی کوژرانی ئەو فەرماندە باڵایەی ئێرانی ڕاگەیاندبوو، بەڵام تاران ئەمڕۆ بە فەرمی هەواڵەکەی پشتڕاستکردەوە.
32 جار خوێندراوەتەوە