تیمی کوردستانی عێراقی ڕێکخراوی (CPT)ی
ئەمریکی، لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ئاماری وردی سەبارەت بەو هێرشانە بڵاوکردەوە کە
لە ماوەی یەک مانگی شەڕدا کراونەتە سەر خاکی هەرێمی کوردستان و ڕایگەیاند بەهۆی ئەو هێرشانەوە 14 کەس لە هەرێمی کوردستان شەهید بونە
هەواڵ: KNN
بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە ماوەی تەنیا 30 ڕۆژدا، 474
هێرشی جۆراوجۆر کراونەتە سەر ناوچە جیاجیاکانی هەرێم. ڕاپۆرتەکە دەریدەخات کە هێرشەکان
لە دوو لایەنی سەرەکییەوە سەرچاوەیان گرتووە؛ سوپای پاسدارانی ئێران 179 هێرشی ئەنجامداوە،
لە کاتێکدا گروپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی لە عێراق پشکی شێریان بەرکەوتووە و 295 هێرشیان
ئەنجامداوە.
ئەم هێرشانە تەنیا زیانی ماددییان لێنەکەوتووەتەوە،
بەڵکو لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەوە تا ئێستا، 107
کەس بوونەتە قوربانی. لەو ژمارەیە 14 کەس شەهید بوون و 93 کەسی تریش بەهۆی سەختی
برینەکانیانەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەکان کراون.
ئامارەکانی CPT نیشانی دەدەن کە پارێزگای هەولێر بووەتە ئامانجی سەرەکی و چەقی هێرشەکان. بەجۆرێک
370 هێرش کراوەتە سەر ئەم پارێزگایە، کە دەکاتە 78.06%ی کۆی گشتی هێرشەکان. پارێزگاکانی
تریش بەم شێوەیە دابەشبوون:
سلێمانی: 90 هێرش (18.99%)
دهۆک: 11 هێرش (2.32%)
هەڵەبجە: 3 هێرش (0.63%) کە کەمترین ڕێژەی
هێرشی تێدا تۆمارکراوە.
74 جار خوێندراوەتەوە