بزوتنەوەی گۆڕان سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکەی سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات

KNN : Kurdish News Network
07:30 - 28/03/2026
کوردستان
+
-

دانا ئەحمەد مەجید، ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، بە توندی سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکەی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە شاری دهۆک دەکات و ڕایدەگەیەنێت، پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێم و دامەزراوەکانی، ئەرکێکی نیشتمانیی هەموو لایەکمانە.


لە پەیامێکدا کە ئاراستەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کردووە، ڕێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان پشتیوانی خۆی بۆ هەموو ئەو هەنگاوانە دەربڕیوە کە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیدا دەنرێن بۆ لێکۆڵینەوە و دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی ئەو هێرشە. ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم جۆرە پەرەسەندنانە نیشانەی بەزاندنی ئاشکرای سەروەری و تێکدانی ئاسایشی گشتین.


دانا ئەحمەد مەجید هۆشداری دەدات لەوەی ئەگەر بە کردەیی سنوورێک بۆ ئەم دەستدرێژیانە دانەنرێت، دەرگای پەرەسەندنی مەترسیدارتر بە ڕووی ناوچەکەدا دەکرێتەوە و دۆخەکە بەرەو ئاڕاستەیەکی خراپتر دەچێت.

دەقی پەیامەکە

بەڕێز کاک نێچیرڤان بارزانی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان

بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە درۆنیە دەکەین، کە کرایە سەر ماڵی بەڕێزتان لە شاری دهۆک. 

لە کاتێکدا، پشتیوانی خۆمان بۆ هەنگاوەکانتان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بۆ لێکۆڵینەوە و دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی ئەم تاوانە دەردەبڕین. جەخت دەکەینەوە؛ پاراستنی قەوارەی دەستوریی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی، ئەرکێکی نیشتمانی هەمو لایەکمانە.

هاوکات، ئەم پەرەسەندنە مەترسیدارانە نیشانەی بەزاندنی ئاشکرای سەروەری و تێکدانی ئاسایشی گشتین، کە ئەگەر بە کردەیی سنورێک بۆ ئەم دەستدرێژیانە دانەنرێت؛ دەرگای پەرەسەندنی خراپتر بە ڕووی ناوچەکەمان دەکرێتەوە.

دانا ئەحمەد مەجید
رێکخەری گشتی گۆڕان
٢٨ی ئازاری ٢٠٢٦

104 جار خوێندراوەتەوە