ئێوارەی ئەمڕۆ، بڕی ٤٨ ملیار دینار لە داهاتی نانەوتیی پارێزگای سلێمانی گەیشتە بانکی "منارە" لە شاری هەولێر.
هەواڵ: KNN
ئەم بڕە پارەیە وەک پشکی سلێمانی دێت بۆ تەواوکردنی ئەو ١٢٠ ملیار دینارەی کە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە وەک داهاتی ناوخۆ ڕادەستی حکومەتی فیدراڵی لە بەغدای بکات.
سەرچاوەیەک لە بانکی هەرێم بە پەیامنێری کەی ئێن ئێن ی ڕایگەیاند: "ئەو بڕە پارەیە کە ٤٨ ملیار دینارە، پاشکۆی داهاتی نانەوتیی سلێمانییە و گەیشتووەتە هەولێر بە مەبەستی یەکخستنی داهاتەکان.
ناردنی ئەم پارەیە لە چوارچێوەی پابەندییەکانی هەرێمی کوردستانە بەرامبەر بەغدا بۆ دابینکردنی مووچەی مانگانەی فەرمانبەران."
بەپێی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، هەرێمی کوردستان پابەندە مانگانە بڕی ١٢٠ ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆ ڕادەستی گەنجینەی فیدراڵی بکات، لە بەرامبەردا بەغدا تەمویلی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ڕەوانە دەکات. تا ئێستاش ڕوننیە ئاخۆ کەی هەرێم ١٢٠ ملیار دینارەکە دەنیرێت بۆ بەغددا و کەی موچەی مانگی دوی موچە خۆرانی هەرێم خەرجدەکرێت
سلێمانی/ بڕیار نامیق
242 جار خوێندراوەتەوە