سابت عەباسی، وەزیری بەرگری
عێراق، لە سەردانێکی فەرمیدا گەیشتە تورکیا و لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی ئەو
وڵاتە کۆبووەوە.
هەواڵ: KNN
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا
وێنەی دیدارەکەی بڵاوکردەوە، بەڵام تائێستا بە فەرمی هیچ زانیارییەکی سەبارەت بە
ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە و هۆکاری سەرەکی سەردانەکەی سابت عەباسی بۆ ئەنقەرە ئاشکرا نەکردووە.
ئەم سەردانە لە کاتێکدایە
کە پەیوەندییەکانی نێوان بەغداد و ئەنقەرە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی لێدوانە
توندەکانی وەزیری دەرەوەی تورکیاوە تووشی جۆرێک لە ساردی و گرژی بووە.
سەردانەکەی وەزیری بەرگری
عێراق لە دوای زنجیرەیەک کاردانەوەی دیپلۆماسی دێت کە بەهۆی چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی
هاکان فیدانەوە لە ٩ی ئەم مانگەدا سەریهەڵدا.
فیدان لە چاوپێکەوتنەکەیدا
لەگەڵ کەناڵی (CNN
Turk) ڕایگەیاندبوو:
"دوای لەناوبردنی پەکەکە لە سوریا، دەستمان بۆ عێراق بەتاڵ دەبێت."
ناوبراو هیوای خواستبوو حکومەتی عێراق "سود لە ئەزموونی سوریا وەربگرێت و بڕیارێکی
ژیرانەتر بدات."
ئەم قسانەی فیدان نیگەرانییەکی
زۆری لەلایەن بەرپرسانی عێراقەوە لێکەوتەوە، بەو پێیەی وەک دەستوەردان لە کاروباری
ناوخۆ و هەڕەشە لە سەروەری خاکەکەی لێکدرایەوە. لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی عێراق
بە فەرمی باڵیۆزی تورکیای لە بەغداد بانگهێشت کرد و ناڕەزایەتی توندی حکومەتی پێگەیاند.
لە لایەکی ترەوە، ئەنیل
بورا ئینان، باڵیۆزی تورکیا لە بەغداد، هەوڵیداوە ئەو گرژییانە هێور بکاتەوە و ڕایگەیاندووە
کە لێدوانەکەی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی بەهۆی "وەرگێڕانی نادروستەوە" بە
هەڵە لێکدراوەتەوە.
400 جار خوێندراوەتەوە