دەستگیرکردنی بکوژی ئافرەتەکەی شاری سلێمانی ڕاگەیەندرا

KNN : Kurdish News Network
09:52 - 13/02/2026
کوردستان
+
-

دەزگای ئاسایشی هەرێم ڕایگەیاند، هێزەکانی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی توانیویانە بکوژی ئەو ئافرەتە دەستگیربکەن کە دوێنێ لە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبووندا کوژرا، هاوکات دوو کەسی دیکەش کە هاوکاری بوون دەستگیرکراون.


دوێنێ پێنجشەممە ٢٠٢٦/٢/١٢، لە یەکێک لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە شاری سلێمانی، ئافرەتێک بە چوار فیشەک کوژرا. دەستبەجێ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی وردی بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی تاوانەکە دەستپێکرد.
دەستگیرکردنی تۆمەتبار و هاوکارەکانی


بەپێی ڕاگەیەندراوی دەزگای ئاسایش، بکوژەکە بەهۆی "کێشەی کۆمەڵایەتییەوە" تاوانەکەی ئەنجامداوە. تۆمەتبارەکە هەوڵیداوە بە هاوکاری (بەرایەک و زاوایەکی) بەرەو دەرەوەی هەرێمی کوردستان هەڵبێت، بەڵام بەیانی ئەمڕۆ هەینی، لە ئەنجامی چاودێرییەکی ورد، هەر سێ تۆمەتبارەکە دەستگیرکران.


لە ئێستادا تۆمەتباری سەرەکی (بکوژەکە) بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە. هەروەها بۆ هەردوو هاوکارەکەی دیکەی، پەڕاوی لێکۆڵینەوە کراوەتەوە و ڕێکاری یاساییان لەبەرامبەر دەگیرێتەبەر.

2786 جار خوێندراوەتەوە