فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) و وەزارەتی دەرەوەی عێراق، وردەکاری نوێیان لەبارەی پڕۆسەیەکی گەورەی گواستنەوەی زیندانیانی داعش لە سوریاوە بۆ ناو خاکی عێراق ئاشکرا کرد، کە یەکێکە لە گەورەترین پڕۆسەکانی ڕادەستکردنەوەی
سێنتکۆم: ٥ هەزار و ٧٠٠ چەکدار ڕادەست کراون
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM)، پڕۆسەیەکی فراوانی گواستنەوەی زیندانیانی داعش کە ٢٣ ڕۆژی خایاندووە، بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات. لەو پڕۆسەیەدا کە لە ٢١ی کانوونی دووەمەوە دەستیپێکردووە و لە ١٢ی شوبات (دوێنێ) کۆتایی هاتووە، زیاتر لە ٥ هەزار و ٧٠٠ چەکداری باڵغی داعش لە زیندانەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریاوە گوازراونەتەوە و ڕادەستی لایەنی عێراقی کراون.
ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی سێنتکۆم ڕایگەیاند، ئەم هەنگاوە بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە و ڕێگریکردن لە سەرەهەڵدانەوەی داعش لە سوریا ئەنجامدراوە و ستایشی هەماهەنگیی حکومەتی عێراقی کرد لەم بوارەدا.
فوئاد حسێن: پڕۆسەکە بەردەوامە و پێویستمان بە پارەیە
هاوکات لەگەڵ ئەم ڕاگەیەندراوە، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، عێراق پێویستی بە پاڵپشتی دارایی نێودەوڵەتی زیاتر هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت مامەڵە لەگەڵ ئەم ژمارە زۆرەی زیندانیان بکات لەناو گرتووخانەکانیدا.
وەزیری دەرەوە ڕەخنەی لە وڵاتانی ئەوروپا گرت و وتی: "بەغداد لە گفتوگۆدایە لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بۆ وەرگرتنەوەی هاوڵاتییەکانیان، بەڵام وڵاتانی ئەوروپا دوودڵن و ئامادەیی نیشان نادەن بۆ وەرگرتنەوەی ئەو چەکدارانەی کە هەڵگری ڕەگەزنامەی وڵاتەکانی ئەوانن."
41 جار خوێندراوەتەوە