دوای لێدوانەکانی خالید میشعەل، سەرۆکی مەکتەبی
سیاسی حەماس لە دەرەوە، سەبارەت بە ڕۆڵی کورد لە ئاییندەی سوریادا، ئەبوبەکر هەڵەدنی،
ئەندامی پێشوی پەرلەمانی کوردستان، بە توندی هێرشی کردە سەر ناوبراو و لێدوانەکانی
بە هەوڵێک بۆ ڕازیکردنی وڵاتانی خانەخوێ و گەڕان بەدوای "مەجدی عەرەبی"
وەسف کرد.
هەواڵ: KNN
هەڵەدنی لە وەڵامەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات کە
دوو هۆکاری سەرەکی لە پشت ئەم لێدوانانەی میشعەلەوە هەن؛ یەکەمیان پەیوەندی بە شوێنی
مانەوەی ناوبراوەوە هەیە و دەڵێت: تۆ کە لە
دۆحەی قەتەر و ئەستەنبوڵی تورکیا دابنیشیت، هەر دەبێت بە دڵی ئەوان قسە بکەیت و ڕازییان
بکەیت
هۆکاری دووەمیش بە بڕوای هەڵەدنی، بۆ وتاری بزاڤە
ئیسلامییە عەرەبییەکان دەگەڕێتەوە کە گوتارێکی
نەتەوەیی عەرەبییان هەیە و تەنها خەون بە مەجدێکی عەرەبیی لەدەستچووەوە دەبینن.
ئەو سیاسەتمەدارەی کوردە ڕەخنەی ئەوە لە میشعەل
دەگرێت کە لە کاتێکدا ماوەیەکی زۆرە بەرامبەر ئیسرائیل و پرسی جۆلان بێدەنگی هەڵبژاردووە،
کەچی ئێستا زمانی بەرامبەر کورد درێژ بووە". هەڵەدنی دەڵێت: بۆ بێبەختی ئێمە، میشعەل تەنها بۆ کورد زمانی
کراوەتەوە.
لە پەیامەکەیدا هەڵەدنی دوپاتی کردەوە کە پیرۆزیی کەسەکان لای ئەو
تەنها بە هەڵوێستیان بەرامبەر گەلی کورد دەپێورێت. ئەو دەڵێت: "هەرکەس دژی میلەتەکەم
بێت، ئەگەر هەموو قورئانیشی لەبەر بێت و بەرماڵی بەسەر ئاوەوە بگەڕێت و لە پەنای کەعبەش
بێت، لای ئێمە جێگەی زبڵدانە." جەختیشی کردەوە کە ئەم پێوەرە بۆ ڕۆژئاواییەکانیش
وەک یەک وایە.
ئەم وەڵامە توندەی هەڵەدنی دوای ئەوە دێت کە
خالید میشعەل لە کۆڕبەندی "الجزیرە" لە دۆحە ڕایگەیاندبوو: ئیسرائیل دەوڵەتی سوریای ناوێت، بەڵکو تەنها
کوردی و دروز و عەلەوییەکانی دەوێت بۆ ئەوەی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی سوریا تێکبدات.
1949 جار خوێندراوەتەوە