کاتی کۆتاییهاتنی شەپۆلی بارانبارین راگەیەندرا

KNN : Kurdish News Network
12:45 - 28/03/2026
کوردستان
+
-

شارەزایەکی کەشناسی دەڵێت، لە سبەینێوە شەپۆلێکی نوێی بارانبارین زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، هاوکات وادەی کۆتاییهاتنی بارانبارین و جێگیربوونەوەی کەشوهەواش دەخاتەڕوو.

 

ئاراس جەبار شارەزای کەشناسی رایگەیاند: "جارێکیدیکە لە ئەنجامی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەراست شەپۆلێکی پچر پچری بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە سەرەتاش سبەینێ یەکشەممە، لەکاتەکانی نیوەرۆوە لەناوچەکانی سنووری پارێزگای دهۆکەوە باران دەستپێدەکات پاشان لەشەودا کاریگەری شەپۆلەکە زیاتر دەبێت و فراوان دەبێت بۆ سەرجەم ناوچەکانمان و تا ئێوارەی رۆژی دووشەممە کاریگەریەکانی بەچالاکی دەمێنێتەوە بە بارانی مامناوەند و پچر پچر و لەهەندێ کات و شوێنیشدا هەورە بروسکە و تاوە بارانی بەخوڕی لەگەڵ دەبێت."

 

روونیشیکردەوە: بارانبارین بۆ رۆژی سێشەممەش کاریگەریەکانی بەلاوازی بەردەوامی دەبێت و لەهەندێ کات و شوێندا ئەگەری دروستبوونی هەورە بروسکە و بارانی کورت خایان دەبێت، پلەکانی گەرما بەجێگیری دەمێننەوە لەماوەی ئاماژەپێکراودا.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، بەگشتی لەماوەی کاریگەری ئەم شەپۆلە زۆرترین باران لە ناوچەکانی سنووری پارێزگای دهۆک و دەڤەری بادینان و سنووری پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سۆران و راپەرین دەبارێت و پاشان ناوچەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و کەرکووک و باکوری گەرمیان، بۆ ناوچەکانی ناوەراست و باشووری گەرمیان کاریگەری و ماوەی خایاندنی شەپۆلەکە لاواز و کورت خایان دەبێت.

 

ئاراس جەبار راشیگەیاند: بۆرۆژی چوارشەممە کە دەکاتە 1ی نیسانی 2026، کەش و هەوا لە تەواوی ناوچەکانمان جێگیر دەبێت و ئاسمان بە زۆری ساماڵ دەبێت.

9024 جار خوێندراوەتەوە