وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ساڵنامەی هەمووارکراوی خوێندن و تاقیکردنەوەکانی بۆ ساڵی خوێندنی 2025-2026 ڕاگەیاند، کە پۆلە کۆتاییەکانی بنەڕەتی، ئامادەیی و پەیمانگاکان دەگرێتەوە
بەپێی ساڵنامە نوێیەکەی وەزارەتی پەروەردە، ئەو قوتابخانانەی تاقیکردنەوەکانی نیوەی وەرز (نمرەی 20)یان تەواو نەکردووە، دەبێت لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوامی قوتابخانەکاندا تاقیکردنەوەکانیان ئەنجام بدەن
سەبارەت بە تاقیکردنەوەکانی کۆتایی وەرز بۆ پۆلەکانی 9 و 12، کارگێڕی قوتابخانەکان سەرپشک کراون لە دیاریکردنی ڕۆژانی تاقیکردنەوەکان، بەو مەرجەی لە 4 بۆ 5 ڕۆژ تێپەڕ نەکات و پێش تەواوبوونی پڕۆگرامەکانی خوێندن نەبێت
لە بەشێکی تری ساڵنامەکەدا، کاتی تاقیکردنەوە نیشتمانییەکانی پۆلی 9ی بنەڕەتی دیاریکراوە؛ خولی یەکەم لە نێوان 14ی 5 بۆ 25ی 5ی 2026 ئەنجام دەدرێت، و خولی دووەمیش لە 15ی 6 بۆ 30ی 6ی 2026 دەبێت
بۆ پۆلی 12ی ئامادەیی (زانستی، وێژەیی و پیشەیی)، تاقیکردنەوە گشتییەکانی خولی یەکەم لە ڕێکەوتی 14ی 6ی 2026 دەستپێدەکات و تا 8ی 7 بەردەوام دەبێت. هەروەها خولی دووەم لە 11ی 8بۆ 27ی 8ی 2026 بەڕێوەدەچێت
سەبارەت بە پەیمانگاکان، تاقیکردنەوەکانی وەرز لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوام دەستپێدەکەن و تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵیش لە 9ی 5 بۆ 20ی 5ی 2026 ئەنجام دەدرێن
وەزارەت جەختی کردووەتەوە کە ڕۆژانی شەممە تاقیکردنەوەکانی تێدا ئەنجام دەدرێت و کاتەکانی دواتر لە ڕێگەی خشتەی تایبەتەوە ڕادەگەیەنرێن.
541 جار خوێندراوەتەوە