داهاتی دەروازە سنوورییەکانی عێراق لە سێ مانگدا 800 ملیار دیناری تێپەڕاند

KNN : Kurdish News Network
10:01 - 15/04/2026
عێراق
+
-

داهاتی دەروازە سنوورییەکانی عێراق لە سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە زیاتر لە 800 ملیار دینار، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانیش جێبەجێکردنی سیستمێکی نوێی نێودەوڵەتی بۆ ڕێکخستنی باج و گومرگ ڕادەگەیەنێت

 

عومەر وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق ئاماری داهاتی سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە کرد، داهاتی چارەکی یەکەمی دەروازەکان گەیشتووەتە 826 ملیار دینار. ڕوونیشیکردەوە، سەرەڕای کاریگەرییەکانی جەنگی ئێران، تەنها لە مانگی سێی ڕابردوودا بڕی 414 ملیار دینار وەک داهات کۆکراوەتەوە

 

وائیلی باسی لەوەش کرد، لە ئێستادا سیستەمی "ئەسیکۆدا" لە دەروازەکاندا جێبەجێ دەکرێت، کە سیستمێکی پێشکەوتووی نێودەوڵەتییە و لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە چاودێری دەکرێت بۆ وردبینی و ڕێکخستنی کاروباری گومرگی. وتیشی: "لە چوارچێوەی کۆمەڵێک ڕێکخستنەوەی نوێدا، باجی گومرگی بۆ سەرجەم کاڵا و پێداویستییەکان زیاد کراوە و لە نێوان 5٪ تا 30٪ دیاری کراوە.

161 جار خوێندراوەتەوە