کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بڕیاریدا بنکەی زانیارییەکانی نوێ بکاتەوە و لەدایکبووانی ساڵەکانی (٢٠٠٨، ٢٠٠٩ و ٢٠١٠) بۆ تۆماری بایۆمەتری دەنگدەران زیاد بکات و کارتی بایۆمەترییان بۆ چاپ بکرێت.
بەپێی بڕیارێکی ئەنجومەنی کۆمیسیاران کە ڕۆژی چوارشەممە (٨ی نیسانی ٢٠٢٦) بە کۆدەنگی دەرچووە، دوای تاوتوێکردنی یاداشتێکی نووسینگەی سەرۆکی ئیدارەی هەڵبژاردنەکان و فەرمانگەی ئۆپەراسیۆنەکان سەبارەت بە نوێکردنەوەی بنکەی زانیارییەکان، ئەنجومەنەکە ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر زیادکردنی لەدایکبووانی ئەو سێ ساڵە بۆ ناو تۆماری دەنگدەران.
لە بڕیارەکەدا هاتووە، پرۆسەی تۆمارکردنی بایۆمەتری بۆ ئەو لەدایکبووە نوێیانە، لە بەرواری (٢٠ی نیسانی ٢٠٢٦)ەوە دەست پێدەکات و هاوکات ئیدارەی هەڵبژاردنەکانیش ڕاسپێردراوە بۆ گرتنەبەری ڕێکارە پێویستەکان لەم بارەیەوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە.
380 جار خوێندراوەتەوە