لە موسڵ سێ گۆڕی بەکۆمەڵ هەڵدەدرێنەوە و ڕووفاتی پێشمەرگەیان تێدایە

KNN : Kurdish News Network
01:10 - 16/04/2026
عێراق
+
-

لە سنووری پارێزگای نەینەوا سێ گۆڕی بەکۆمەڵ هەڵدەدرێنەوە و پشکنینە سەرەتاییەکانیش دەریدەخەن کە ڕووفاتی پێشمەرگە و هاووڵاتییانی سڤیلیان تێدایە کە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە لەسێدارە دراون

 

ئەمڕۆ، حکومەتی خۆجێیی نەینەوا و دادپزیشکیی هەرێمی کوردستان و عێراق و ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی بۆ گەڕان بەدوای بێسەروشوێنان (ICMP)، پڕۆسەی هەڵدانەوەی سێ گۆڕی بەکۆمەڵ لە بەری ڕاستی شاری موسڵ دەستیپێکرد. گۆڕەکان بریتین لە (هەڕاماتی یەک، هەڕاماتی دوو و مەشرەفی)؛ تاوەکو ئێستاش لە دوو گۆڕدا ڕووفاتی 24 کەس دۆزراونەتەوە و کارکردن لە گۆڕی سێیەمیش بەردەوامە

 

دکتۆر یاسین کەریم، بەڕێوەبەری پەیمانگەی دادپزیشکیی هەولێر ڕایگەیاند: "هەندێک لە ڕووفاتەکان جلی سەربازییان لەبەرە و نیشانەی گوللە بە سەریانەوە دیارە، کە ئاماژەیە بۆ ئەوەی لە ساڵی 2015 لەلایەن داعشەوە لەسێدارە دراون." ئاماژەی بەوەش کرد کە چاوی قوربانییەکان بە جامانەی سوور بەستراوەتەوە و دەستەکانیان لە دواوە کۆتکراون

 

لە ئێستادا پڕۆسەی وەرگرتنی نموونەی ئێسک (DNA) بۆ ڕووفاتەکان دەستیپێکردووە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ دیاریکردنی ناسنامەکانیان، لە کاتێکدا 105 خێزانی پێشمەرگە و کەسانی بێسەروشوێن چاوەڕێی زانینی چارەنووسی ئازیزانیان دەکەن

 

پارێزگاری نەینەوا جەختی کردەوە کە بەدڵنیاییەوە ڕووفاتی پێشمەرگە لەنێو گۆڕەکاندا هەن و بەڵێنیدا دوای تەواوبوونی ڕێکارە یاسایی و پزیشکییەکان، ڕووفاتەکان بە شێوەیەکی فەرمی و شایستە ڕەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێنەوە. هەروەها نێردەی نێودەوڵەتی بۆ کاروباری ونبووەکان ئاماژەی بەوە کرد کە پلانێکی سێ هەفتەیی بۆ هەڵدانەوەی تەواوی گۆڕەکان دانراوە.

23 جار خوێندراوەتەوە