عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق، جەختی کردەوە کە نرخی فەرمی ئاڵوگۆڕ لە بانکی ناوەندی جێگیرە و هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نایەت.
عەلاق هەڵاوسانی بازاڕ و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاری بۆ کردەوەی هەندێک لە بازرگانان گەڕاندەوە و ڕایگەیاند کە گۆڕانکاری لە میکانیزمەکانی هاوردەکردندا وایکردووە بەشێک لە بازرگانان بۆ کڕینی دۆلار ڕوو لە بازاڕی ڕەش بکەن.
ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو بازرگانانە بەم نزیکانە دەگەڕێنەوە سەر کەناڵە فەرمییەکان و نرخەکە دەگەڕێتەوە ئاستی ئاسایی خۆی، بەتایبەت کە بانکی ناوەندی هیچ کێشەیەکی لە یەدەگی زێڕ و دراوی بیانی نییە و بەردەوامە لە خستنەڕووی دۆلار بۆ ناو بازاڕ.
هەروەها ڕایگەیاند کە ناسەقامگیریی ئێستا پێویستی بە ڕێکخستنەوەی چاودێری هەیە بۆ ئەوەی هەموو مامەڵەکان بگەڕێنەوە سەر کەناڵە فەرمییەکان.
لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە بانکی ناوەندی تاکە سەرچاوەی دۆلارە و تەنها بۆ مامەڵە یاساییەکان دراو دابین دەکات، بۆیە پێویستە بازرگانان پابەندی ڕێکارە نوێیەکان بن کە لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکان دەگونجێن.
369 جار خوێندراوەتەوە