شەوی ڕابردوو لە گوندی
باڵخی سەر بە ناحیەی گاپیڵۆن لە پارێزگای سلێمانی، گەنجێک لەناو باخێکدا گیانی لەدەستدا
و تا ئێستاش هۆکارەکەی ئاشکرا نەبوە، کەی ئین ئێن بە دواداچونی کردوەو نوێترین
زانیاریەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر ڕوداوەکە ئاشکرا دەکات
هەواڵ: KNN
بڕیار نامیق پەیامنیری KNN، لە ڕێگەی پەیوەندیکردن بە هەریەکە لە پۆلیس، پزیشکی داد و تەندروستی سلێمانیەوە، زانیارییەکانی بەمشێوەیە پشتڕاستکردەوە دوو گەنج شەوی ڕابردو لە باخێک لە گوندی باڵخی ماونەتەوە. بەرەبەیانی ئەمڕۆ کاتێک یەکێکیان هەوڵ دەدات هاوڕێکەی بەئاگا بهێنێتەوە، هەست دەکات بێهۆشە، دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە دەرکەوتوە کە گیانی لەدەستداوە.
سەبارەت بە هۆکاری مردنەکەی، هەرچەندە لە سەرەتادا دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە کە بەهۆی خواردنی "قارچک"ەوە ژەهراوی بوە و گیانی لەدەستداوە، بەڵام سەرچاوە پزیشکییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە گومانێکی تریش هەیە کە ڕەنگە بەهۆی "غازی سۆپا"وە خنکابێت.
لە ئێستادا تەرمی گەنجەکە لە پزیشکی دادوەرییە و تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، ڕاپۆرتی کۆتایی پزیشکی بڵاونەکراوەتەوە، بۆیە هۆکاری کۆتایی گیانلەدەستدانەکەی بە فەرمی ڕانەگەیەندراوە و چاوەڕێی ئەنجامی پشکنینەکانن.
سلێمانی / بڕیار نامیق
6777 جار خوێندراوەتەوە