هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بنکەی شەدادی لە حەسەکە چۆڵکرد و پاش کشانەوەی تەقاندیەوە

KNN : Kurdish News Network
06:29 - 05/02/2026
کوردستان
+
-

 هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بنکەی سەربازیی "شەدادی"یان لە باشووری پارێزگای حەسەکە بە تەواوی چۆڵکرد و بەرەو  عێراق و  خاکی هەرێمی کوردستان کشانەوە.

 

هەواڵ: KNN

میدیایەکانی سوریا  ڕایانگەیاند، ڕەتلێکی گەورەی سەربازی کە پێکهاتبوو لە دەیان ئۆتۆمبێلی زریپۆش، بارهەڵگری هەڵگری کەرەستەی لۆجستی و ئامێری سەربازی، لە بنکەی شەدادییەوە بەڕێکەوتوون و لە ڕێگەی دەروازەی سنووریی "وەلید"ەوە چوونەتە ناو خاکی عێراقەوە

هاوکات لەگەڵ چۆڵکردنی کۆتا یەکەی سەربازی، دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز لە ناو جەرگەی بنکەکە بیستراوە.

 

بەپێی زانیارییەکان، هێزەکانی هاوپەیمانان پێش جێهێشتنی ناوچەکە، تەواوی کۆگاکانی چەک، ئامێرە تەکنیکییە هەستیارەکان و ژێرخانی پەیوەندییەکانی ناو بنکەکەیان تەقاندووەتەوە.

 

 ئەم ڕێکارە وەک ستراتیژێکی سەربازیی باو لێکدەدرێتەوە بۆ ڕێگریکردن لە کەوتنی هەر جۆرە کەرەستەیەکی هەستیار یان تەکنەلۆژیایەکی سەربازی بۆ دەستی هێزە نەیارەکان.

 

بنکەی شەدادی یەکێک بو لە گرنگترین بنکەکانی هاوپەیمانان لە ڕۆژهەڵاتی سووریا، کە وەک خاڵێکی ستراتیژی بۆ چاودێریکردنی کێڵگە نەوتییەکان و پشتیوانیکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بەکاردەهێنرا.

 

ئەم کشانەوە و تێکدانی بنکەیە لە کاتێکدایە کە نەخشەی سەربازی لە ناوچەکەدا گۆڕانکاریی بەخۆیەوە بینیەوەو هیزەکانی سوریای دیموکرات ( هەسەدە) لەوێ کشانەوەو گروپەچەکدارەکانی دیمەشق لەوێ جێگیر دەبن



1992 جار خوێندراوەتەوە