بەغدا تەمویلی مووچەی مانگی یەکی نارد؛ زیاتر لە ٣٦ ملیار دینار لە شایستەی خانەنشینان بڕدراوە
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تەمویلی مووچەی مانگی کانوونی دووەم (مانگی ١) گەیشتووە، بەڵام بەغدا بڕێکی زۆر لە پارەکەی بە پاساوی جیاواز بڕیوە کە تایبەت بووە بە شایستەی خانەنشینان.
دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە (١٠ی شوباتی ٢٠٢٦)، بڕی ٩٣١ ملیار و ٢٥٧ ملیۆن دینار وەک تەمویلی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی فەرمانبەران و مووچەخۆران خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی هەرێم لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
وەزارەتی دارایی ئاشکرای کردووە کە بەغدا بڕی ٣٦ ملیار و ٣٦٠ ملیۆن دیناری لە کۆی تەمویلەکە نەناردووە. ئەم پارەیە مافی دارایی زیاتر لە ٨,٠٠٠ خانەنشینی سەربازی و شارستانی بووە.
ئەو خانەنشینانە دۆسیەکانیان لە مانگی یەک تەواو بووە و خراونەتە سەر لیستی مووچە؛ دەبوایە شایستەی دارایی چەند مانگی ڕابردوویان (کەڵەکەبوو) پێکەوە بۆ خەرج بکرایە.
وەزارەتی دارایی عێراق تەنها مووچەی یەک مانگی بۆ ناردوون و شایستەی مانگەکانی پێشوویانی ڕاگرتووە.
وەزارەتی دارایی هەرێم ڕەخنەی توند لەو هەنگاوە دەگرێت و بە درێژکراوەی "سیاسەتی دژایەتیکردن و دروستکردنی گرفت"ی دەزانێت. هاوکات دڵنیایی دەدات کە تیمەکانیان لەسەر هێڵن و لە پەیوەندی بەردەوامدان لەگەڵ بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و وەرگرتنەوەی ئەو مافانەی خانەنشینان لە نزیکترین کاتدا.
688 جار خوێندراوەتەوە