ڕۆژنامەی شەرقولئەوەست زانیاری نوێ لەسەر مەرجەکانی محەمەد شیاع سودانی بۆ کشانەوە لە ویلایەتی دووەم ئاشکرا دەکات و ئاماژە بە فشارە نوێیەکانی واشنتۆن دەکات بۆ رێگریکردن لە گەڕانەوەی نوری مالیکی بۆ دەسەڵات.
رۆژنامەکە لە ڕاپۆرتێکدا دەڵێت: محەمەد شیاع سودانی مەرجێکی قورسی بۆ نوری مالیکی داناوە تا دەستبەرداری ویلایەتی دووەم بێت و بە مەرجێک ئامادەیە پاشەکشە بکات کە خودی مالیکی ببێتە سەرۆک وەزیران، بەڵام "ئەگەر مالیکی نەیتوانی کۆدەنگی ناو چوارچێوە بەدەست بێنێت، ئەوا سودانی وەک براوەی یەکەمی هەڵبژاردن مافی خۆیەتی دیسانەوە خۆی کاندید بکاتەوە.
لە بەرامبەردا، سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە مالیکی نیازی هەیە لە کێبڕکێکە بکشێتەوە، بەڵام بەو مەرجەی جێگرەوەکەی هەر لەناو ئیئتلافی (دەوڵەتی یاسا) بێت، ئەمەش بۆ ڕێگریکردنە لە گەڕانەوەی سودانی.
ڕاپۆرتەکە ئاشکرای دەکات کە تویتەکەی دۆناڵد ترەمپ، کە تێیدا هۆشداریدا لە گەڕانەوەی مالیکی و وتی "جارێ پێشوو کە مالیکی لە دەسەڵات بوو عێراق بەرەو هەژاری و ئاژاوە ڕۆیشت"، کاریگەری ڕاستەوخۆی هەبووە.
ئەم فشارە ئەمریکییە بووەتە هۆی ئەوەی
پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵوێستیان بەرامبەر مالیکی سارد بێتەوە و محەمەد حەلبوسی و زۆرینەی سوننەکان بە ڕوونی ڕەتی بکەنەوە، تەنانەت لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیشدا (عەسائیب، حیکمە و نەسڕ) دەستیان کردووە بە دوورکەوتنەوە لە سیناریۆی مالیکی.
هاوکات باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە بەیاننامەیەکدا دوای کۆبوونەوەی جۆشوا هاریس (هەڵسوڕێنەری کاروبارەکانی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا) لەگەڵ پارێزگاری بانکی ناوەندی، جەختی لە لابردنی "هەژمونی خراپ" کردووەتەوە و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش بە ڕاشکاوی ڕایگەیاندووە کە ئیدارەی ترەمپ ئامادەیە "هەموو ئامرازێک بەکاربێنێت" بۆ ئەوەی حکومەتێک لە بەغدا بێت کە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانیان یەکبگرێتەوە.
هاوتەریب لەگەڵ فشاری ئەمریکا، ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لە بەغداوە پەیامێکی ڕوونی گەیاندووە: کە "نابێت عێراق پەلکێشی ململانێ هەرێمایەتییەکان بکرێت".
پاریس داوای لە بەغدا کردووە کە گروپە چەکدارەکان کۆنترۆڵ بکات و ڕێگە نەدات عێراق ببێتە بەشێک لە شەڕی ئێران و ئیسرائیل، چونکە سەقامگیری عێراق بۆ ناوچەکە و جیهانیش گرنگە.
359 جار خوێندراوەتەوە