مالیکی پەیامێکی توند بڵاودەکاتەوە

KNN : Kurdish News Network
02:43 - 31/01/2026
کوردستان
+
-

لە کاتێکدا بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ یەکلاکردنەوەی پرسی کاندیدکردنی نوری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران کۆببێتەوە، نووسینگەی ناوبراو ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەخت لە "سەربەخۆیی بڕیاری نیشتمانی" و "مافی گەل لە هەڵبژاردنی سەرکردەکانیدا" دەکاتەوە.


نووسینگەی ڕاگەیاندنی نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووساندا سەبارەت بە کاندیدکردنی لەلایەن گەورەترین بلۆکی پەرلەمانییەوە ڕایگەیاند: "پڕۆسەی دیموکراسی لە عێراق بەرهەمی قوربانییەکی زۆرە و ئێمە دەستبەرداری ئەو دەستکەوتە نابین."


مالیکی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە هەڵبژاردنی حکومەت و سەرکردەکان بابەتێکی نیشتمانییە و پێویستە هەموان ڕێز لە ئیرادەی گەلی عێراق بگرن، وتیشی: "چاوەڕوانین لایەنەکانی دیکەش ڕێز لە بڕیاری ئێمە بگرن، هەروەک چۆن ئێمە ڕێز لە مافی ئەوان دەگرین لە بەڕێوەبردنی کاروباری خۆیاندا." هەروەها جەختی لەوەش کردەوە کە عێراق خوازیاری پەیوەندییەکی هاوسەنگە لەگەڵ زلهێزەکان، بە مەرجێک دوور بێت لە دەستوەردانی دەرەکی.


هاوتەریب لەگەڵ ئەم ڕاگەیەندراوە، زانیارییەکان ئاماژە بە بوونی دابەشبوونێکی قووڵ لەنێو ماڵی شیعە (چوارچێوەی هەماهەنگی) دەکەن، بەشێک لە لایەنەکانی ناو چوارچێوەکە داوای کشانەوەی مالیکی دەکەن بۆ ڕێگری لە پەککەوتنی پڕۆسەی سیاسی.


بەشێکی دیکەش هێشتا پێداگرن لەسەر ئەوەی مالیکی کاندیدی ئەوان بێت بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران.


لە پێشهاتێکی نوێدا، کەناڵی "عەینی عێراقی" بڵاویکردەوە، کە نوری مالیکی پەیامێکی بۆ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ناردووە و تێیدا ئامادەیی خۆی بۆ کشانەوە لە کاندیدبوون نیشانداوە. بەپێی سەرچاوەکە، ئەم بڕیارەی مالیکی دوای کۆبوونەوەی ناوبراو لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا دێت و ئامانج لێی پاراستنی بەرژەوەندی گشتییە.


بڕیارە لە کۆبوونەوەی چەند کاتژمێری داهاتووی چوارچێوەی هەماهەنگیدا، چارەنووسی کاندیدکردنی مالیکی و سیناریۆکانی بەردەم پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق بە فەرمی یەکلایی بکرێتەوە.

4687 جار خوێندراوەتەوە