ترمپ ستایشی کۆبونەوەکە دەکات.. گەڕێکی نوێی دانوستانەکانی واشنتن و تاران دەستپێدەکاتەوە

KNN : Kurdish News Network
08:34 - 07/02/2026
جیهان
+
-

دۆناڵد ترمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کۆبونەوەکانی نێوان واشنتن و تاران بە ئیجابی وەست دەکات و ئاماژە بە دەستپێکردنەوەی گەڕێکی نوێی دانوستانە ناڕاستەوخۆکان (و ئەگەری ڕاستەوخۆکان)ی لەگەڵ ئێران ڕادەگەیەنێت.

 

ترمپ: ئێران بە پەرۆشە بۆ ڕێککەوتن
دۆناڵد ترمپ، لەناو فڕۆکەی سەرۆکایەتی (Air Force One) ڕایگەیاند، کە واشنتن گفتوگۆی "زۆر باشی" لەگەڵ لایەنی ئێرانی ئەنجامداوە. ترمپ ئاماژەی بەوە کرد کە هەست دەکات تاران "دەیەوێت بگاتە ڕێککەوتن" و جەختیشی کردەوە کە سەرەتای هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەکان دەستپێدەکەنەوە.

ئەم لێدوانانەی ترمپ لە کاتێکدایە کە واشنتن فشاری سەربازی و ئابووری بۆ سەر تاران چڕکردووەتەوە، بە جۆرێک هاوکات لەگەڵ دانوستانەکان، سزای نوێی بەسەر کەرتی نەوتی ئێراندا سەپاندووە کە 15 قەوارە و 14 کەشتی گرتووەتەوە.

تاران؛ تەنیا پرسی ئەتۆمی لەسەر مێزەکەیە
لە لایەکی ترەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کە سەرۆکایەتی وەفدی وڵاتەکەی دەکرد، کەشوهەوای گفتوگۆکانی بە "زۆر ئەرێنی" وەسف کرد. بەڵام عێراقچی هێڵە سوورەکانی تارانی دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند: "گفتوگۆکان تەنیا لەسەر مێزی پرسی ئەتۆمین، ئێمە هیچ پرسێکی تر لەگەڵ ئەمریکییەکان تاووتوێ ناکەین."

ئەمە لەکاتێکدایە کە مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، جەخت دەکاتەوە کە هەر ڕێککەوتنێک دەبێت پرسی موشەکە بالیستییەکان، پاڵپشتی ئێران بۆ گروپە چەکدارەکان و دۆخی مافی مرۆڤ لەناوخۆی ئێران بگرێتەوە.

لای خۆیشییەوە وەزیری دەرەوەی عومان، جەختی لە "جدییەتی" گفتوگۆکان کردەوە. هەرچەندە میدیا فەرمییەکان باس لە دانوستانی ناڕاستەوخۆ دەکەن، بەڵام پێگەی "ئەکسیۆس"ی ئەمریکی بڵاویکردەوە کە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لە نێوان عەباس عێراقچی و وەفدە ئەمریکییەکە (کە جارید کۆشنەر و ستیڤ ویتکۆف تێیدا بەشدار بوون) ئەنجامدراوە.

98 جار خوێندراوەتەوە