لە هەنگاوێکی مێژوویی و سیاسیی گرنگدا، ديلان یەشیلگۆز، سیاسەتمەداری کورد، وەک جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگری لە حکومەتی نوێی هۆڵەندا دەستبەکار بو.
دوای دانوستانێکی چڕ لە نێوان پارتە سیاسییەکانی هۆڵەندا، هەرسێ پارتی (D66)، (CDA) و (VVD) گەیشتنە ڕێککەوتنی کۆتایی بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی کەمینە. لەم دابەشکارییەدا، دیلان یەشیلگۆز وەک سەرۆکی پارتی (VVD) نەک تەنها پۆستی وەزیری بەرگری و جێگری سەرۆکوەزیرانی وەرگرت، بەڵکو حزبەکەشی بەرپرسیارێتی 6 وەزارەتی گرنگی لە کابینە نوێیەکەدا بەرکەوت.
دیلان یەشیلگۆز لە یەکەم کاردانەوەیدا لە هەژماری فەرمی خۆی ڕایگەیاند: "جێگەی شانازییەکی گەورەیە وەک جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری بەرگری خزمەت بکەم."
ئاماژەی بەوەش کرد کە ئازادی و ئاسایش شتێک نین کە بە ئاسانی بەدەست بێن، بۆیە بەڵێنی دا کە بە هەموو توانایەوە کار بکات بۆ پاراستنی هۆڵەندا و پشتیوانیکردنی ئەو ژن و پیاوانەی ڕۆژانە لە ناو هێزە چەکدارەکاندا بەرگری لە خاکی وڵات دەکەن.
کابینە نوێیەکە کەی دەستبەکار دەبێت؟
بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە لە 23ی شوباتی 2026 حکومەتی نوێ بە فەرمی سوێندی یاسایی بخوات. لەم کابینەیەدا (رۆب جێتین) لە پارتی D66 دەبێتە سەرۆکوەزیران. دابەشبوونی وەزارەتەکانی پارتی VVD بە سەرۆکایەتی دیلان بەم شێوەیە دەبێت:
دیلان یەشیلگۆز: وەزیری بەرگری و جێگری سەرۆکوەزیران.
ئیلکۆ هاینین: وەزیری دارایی.
دەیڤد ڤان وێل: وەزیری داد و ئاسایش.
و چەندین وەزارەتی تری وەک کار، ژێرخان و تەندروستی.
دیلان یەشیلگۆز کێیە؟
دیلان لە ساڵی 1977 لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا لە خێزانێکی کورد لەدایکبووە. لە تەمەنی منداڵیدا وەک پەنابەر ڕوویان لە هۆڵەندا کردووە. دوای تەواوکردنی خوێندنی باڵا لە زانکۆی ئەمستەردام، هەنگاوەکانی سیاسیی بە خێرایی بڕی؛ لە ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانییەوە بۆ پەرلەمانتار، و دواتر وەک وەزیری وزە و وەزیری داد، تا دواجار بووە یەکەم ژن کە سەرۆکایەتی پارتی (VVD) بکات و ئێستاش یەکێکە لە بەهێزترین کارەکتەرە سیاسییەکانی ئەوروپا.
1680 جار خوێندراوەتەوە