عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ هەینی پێش دەسپێکردنی خولێکی نوێی دانوستانەکان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عومان، جەختی لە پرەنسیپی "ڕێزگرتنی یەکتر" کردەوە و ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی بە چاوێکی کراوەوە دەچێتە ناو پڕۆسەی دیپلۆماسییەوە.
عێراقچی لە تویتێکدا ئاماژەی بەوە کرد: "ئێران بە بێ ئەوەی ڕووداوەکانی ساڵی ڕابردوو لەبیر بکات، بە چاوێکی کراوەوە دەچێتە ناو ڕێڕەوی دیپلۆماسی. ئێمە بە نێتێکی باشەوە بەژداری دەکەین و بە توندی بەرگری لە مافەکانمان دەکەین." هەروەها وتیشی: "پێویستە پابەندییەکان ڕێزیان لێ بگیرێت؛ یەکسانی و بەرژەوەندی هاوبەش دروشم نین، بەڵکو پێویستی و کۆڵەکەی هەر ڕێککەوتنێکی بەردەوامن."
ئەم لێدوانانەی عێراقچی لە کاتێکدایە کە بڕیارە هەر ئەمڕۆ هەینی لە شاری مەسقەتی عومان، دانوستانێکی چارەنووسساز لە نێوان تاران و واشنتن لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەستپێبکات، لە کاتێکدا مەترسییەکانی هەڵگیرسانی جەنگێکی هەرێمی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زیادبووندایە.
کۆسپەکانی بەردەم ڕێککەوتن سەرەڕای خواستی هەردوولا بۆ دەرفەتدان بە دیپلۆماسی، بەڵام جیاوازییەکی زۆر لە کارنامەی کۆبوونەوەکاندا هەیە:
داواکاری ئەمریکا: مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە واشنتن دەیەوێت دانوستانەکان تەنها پرسی ئەتۆمی نەبێت، بەڵکو بەرنامەی موشەکی بالیستی، پشتگیریکردنی گروپە چەکدارەکان و شێوازی مامەڵەی تاران لەگەڵ گەلی خۆی بگرێتەوە.
هەڵوێستی ئێران: تاران پێداگری دەکات کە دەبێت عەباس عێراقچی و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تەنها لەسەر "دۆسیەی ئەتۆمی" گفتوگۆ بکەن.
ئەم خولەی گفتوگۆکان بە یەکێک لە هەستیارترین وێستگەکان دادەنرێت، چونکە ئێران دەڵێت "لە پێگەی هێزەوە" و بە ئامانجی گەیشتن بە تێگەیشتنێکی دادپەروەرانە کە کەرامەتی نیشتمانییان بپارێزێت، بەشداری دەکەن، لە کاتێکدا چاودێران پێیان وایە بەهۆی قوڵیی ناکۆکییەکانەوە، گەیشتن بە ئەنجامێکی خێرا "سەخت و دوورەدەستە".
171 جار خوێندراوەتەوە