جڤاتی نیشتمانیی بزوتنەوەی گۆڕان بە سەرپەرشتی دانا ئەحمەد مەجید
کۆبونەوەو بە بایەخەوە لەسەر پەرەسەندنە خێراکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کاریگەری
ئەو پەرەسەندنانە لەسەر کورد گفتوگۆکرا، هەر لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی وادەی بەستنی کۆنفرانسی دامەزراندنی
بزوتنەوەکراو ، پەیامێکی ئاشتی و تەبایی
ئاراستەی سەرجەم هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەکە کرا بۆ نوێکردنەوەی خەباتی سیاسی و
تێپەڕاندنی ئاستەنگە یاساییەکان.
هەواڵ: KNN
ڕاگەیەندراوێک لە جڤاتی
نیشتمانییەوە
ئەمڕۆ، پێنجشەممە،
کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕۆ، جڤاتی نیشتمانی لە مەکۆی سەرەکی بە سەرپەرشتی دانا ئەحمەد
مەجید کۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا. کۆبوونەوەکە بە وردی پەرەسەندنە سیاسییەکانی
ناوچەکە و ئەرکە ناوخۆییەکانی بزوتنەوەی گۆڕانی گفتوگۆ کرد.
لەسەرەتادا، دانا ئەحمەد
مەجید، بە بایەخەوە لەسەر پەرەسەندنە خێراکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کاریگەری ئەو
پەرەسەندنانە لەسەر کورد، وەک ئەکتەرێکی کاریگەر و یەکدەنگ هەڵوەستەی کرد و ڕایگەیاند:
ئەو مەترسیانەی لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان هەبوو، هەمومانی یەکخست و بەیەکەوە ڕووبەڕووی
ئاڵنگاریەکان بوینەوە.
لەو بارەیەوە، جڤاتی نیشتمانی
بەوپەڕی ڕێز و پێزانینەوە لە هەڵوێستی مەدەنی و نەتەوەیی کوردستانیان لە هەرێم،
پارچەکانی دیکە و ڕەوەندی کوردی ڕوانی، کە بە بەشدارییەکی کارایان لە خۆپیشاندانەکان
و پشتیوانییەکی گەورەیان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان نیشان دا، بەشێوەیەک ئەم یەکدەنگییە
وەک سەرمایەیەکی نەتەوەیی نرخێندرا.
دواتریش لەبارەی دواین
بڕیاری فەرمانگەی پارت و ڕێکخراوە سیاسیەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی
عێراق، کە ١٦ی شوباتی ٢٠٢٦، وەک وادەی بەستنی کۆنفرانسی دامەزراندن لە شاری کەرکوک
دیاریکراوە، جڤات بڕیاری دا هەمو ئامادەکارییە ڕێکخراوەیی و لۆجستی و یاساییەکان
بکرێت. بۆ ئەو مەبەستە، ئۆرگانە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردران بۆ پەیوەندیکردنی ڕاستەوخۆ
بە ئەندامانی دەستەی گشتی و گەرەنتی کردنی بەشدارییەکی سەرکەوتویی هەڵسوڕاوان.
هەر لەو بارەیەوە، جڤاتی
نیشتمانی پەیامی ئاشتی و تەبایی ئاراستەی سەرجەم کەسایەتی و هەڵسوڕاوانی ناو گۆڕان
دەکات. جەخت کرایەوە کە ئەم قۆناغە تەنها بە کاری پێکەوەیی و یەکڕیزی تێدەپەڕێت.
ئامانجمان ئەوەیە هەموان بەیەکەوە و بە گیانی بەرپرسیارێتییەوە بەرەو کۆنفرانس هەنگاو
بنێین بۆ تێپەڕاندنی ڕێوشوێنە یاساییەکان و نوێکردنەوەی خەباتی سیاسیی بزوتنەوەکە.
جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی
گۆڕان
٥ی شوباتی
٢٠٢٦
111 جار خوێندراوەتەوە