یەپەژە ڕایگەیاند چەک دانانێن و تەنها بەسەر تەرمەکانماندا دەگەنە خاکەکەمان

KNN : Kurdish News Network
06:32 - 04/02/2026
کوردستان
+
-

یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە)، کە هێزێکی سەرەکی و کاریگەر بوون لە تێکشکاندنی داعش، ڕەتیدەکەنەوە چەکەکانیان دابنێن یان تەسلیمی حکومەتە نوێیەکەی سووریا ببن، وتەبێژەکەیشیان ڕایگەیاند: "پاراستنی ناسنامە، ئۆتۆنۆمی و مافی ژنان لای ئێمە هێڵی سوورە؛ تەنها بەسەر تەرمەکانماندا دەگەنە خاکەکەمان.

 

هەواڵ: KNN

رۆژنامەی تێلێگراف ی بەریتانی ڕاپۆرتیكی وردی لەسەر ژمارەو کاریگەری ئەو هێزە ژنانەی کورد بلاو کردوەتەوەو چەندین ژنە شەرڤان وتە و لێدوانی خۆیان داوە، شەڕڤانان دەڵێن خەباتی یەپەژە تەنها بۆ خاک نییە، بەڵکو هێمایەکە بۆ شەڕێکی فراوانتر لەپێناو ئۆتۆنۆمیی کورد و مافەکانی ژنان.

ڕوکسەن محەمەد، وتەبێژی یەپەژە لە قامیشلۆ، بە ڕۆژنامەی "تێلێگراف"ی ڕاگەیاند: "وەک ژنێک، بۆچی چەکم هەڵگرتووە؟ چونکە دەبینم کۆمەڵگاکەم، ئۆتۆنۆمییەکەم و ناسنامەکەم لەژێر هەڕەشەدان. ڕەنگە باوک و برام هەبێت، بەڵام دەبێت خۆم خۆم بپارێزم. کەسی تر ناتوانێت ئەوەم بۆ بکات."

ڕوکسەن ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەحمەد شەرع سەرەتا وەک سەرکردەیەکی "جەبهەتولنوسرە" (باڵێکی قاعیدە) هاتە ناو سووریا و لە سەرەتای شەڕی ناوخۆدا لەگەڵ یەپەژە بەشەڕ هاتبو. وتیشی:  فەرماندە و شەڕڤانانی ئێمە گەورەترین ڕۆڵیان هەبوە لە شەڕی دژ بە داعش و نوسرە لە هەموو بەرەکاندا، بۆیە ناتوانین هێزێکی چەکدار بەبێ ژنان قبوڵ بکەین.

 

ڕوکسەن محەمەد جەختی کردەوە کە هێزەکانی شەرع "هەڕەشەیەکی بوونگەرایی"ن بۆ ژنانی کورد. ئەو وتی کاتێک جیهادییەکان سوکایەتی بە تەرمی شەڕڤانانی ژن دەکەن، ڕقی خۆیان بەرامبەر بە بونی ژن نیشان دەدەن
ئاماژەی بەوەشکرد: ئەگەر شەڕ بێت، ئێمە هەمیشە ئامادەی شەڕ و بەرگریین لە گەلەکەمان. ئەگەر ئاشتیش بێت و ئەم ڕێککەوتنە مافەکانی ئێمە و گەلەکەمان بپارێزێت، بۆ ئەوەش ئامادەین."


474 جار خوێندراوەتەوە