دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی ترەمپ... شوێنی گفتوگۆکانی ئەمریکا و ئێران گواسترایەوە

KNN : Kurdish News Network
09:09 - 04/02/2026
جیهان
+
-

بەپێی ڕاپۆرتە میدیاییە جیهانییەکان، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر داواکارییەکی ئێران بۆ گۆڕینی شوێنی دانوستانە چاوەڕوانکراوەکانی نێوانیان لە تورکیاوە بۆ عومان.

هەواڵ:KNNC

ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ی ئەمریکی لە زاری سەرچاوەیەکی عەرەبییەوە بڵاویکردەوە، بڕیارە ڕۆژی هەینی گفتوگۆ ئەتۆمییەکانی نێوان واشنتۆن و تاران لە سەڵتەنەتی عومان بەڕێوەبچن، ئەمەش دوای ئەوەی ئێران داوای کردووە شوێنەکە لە ئیستەنبوڵەوە بگوازرێتەوە.


بەگوێرەی زانیارییەکان، گفتوگۆکان تەنها لە نێوان دوو وڵاتدا قەتیس نابن، بەڵکو تاوتوێی بەشداریکردنی ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی و ئیسلامی دەکرێت، لەوانە (سعودیە، قەتەر، میسر، پاکستان و ئیمارات)، ئەمەش وەک بەشێک لە "دەستپێشخەرییەکی ئێرانی" بۆ دروستکردنی ناوچەیەکی بەهێز و بەشداریپێکردنی دراوسێکان.


مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران فەرمانی بە وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی کردووە کە دانوستانی مەرجدار ئەنجام بدەن، بە مەرجێک کەشەکە دوور بێت لە هەڕەشە و لەسەر بنەمای "عیزەت و حیکمەت" بێت.


لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ ئەوەی جەختی لە گرنگی دیپلۆماسی کردووەتەوە، بەڵام هۆشدارییەکی توندیشی داوە و ڕایگەیاندووە: "ئەگەر نەگەینە ڕێککەوتن، ئەگەری ڕوودانی شتی خراپ هەیە"، هاوکات سوپای ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێرانییان لە نزیک کەشتییەکی جەنگی خۆیان لە دەریای عەرەب خستووەتە خوارەوە.

329 جار خوێندراوەتەوە