لە ناوەندەکانی خوێندنی هەرێمی کوردستان هەفتەیەک پشووی فەرمییە

KNN : Kurdish News Network
08:44 - 03/11/2025
کوردستان
+
-

لە چوارچێوەی ڕێکار و ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوون هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، شەش ڕۆژ پشوو لە تەواوی ناوەندەکانی خوێندن ڕاگەیەندرا و وەزارەتی پەروەردەش ڕایدەگەیەنێت: ڕۆژێک دوای دەنگدان خوێندن دەستپێدەکاتەوە.


هەواڵ:KNNC

 

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: بە مەبەستی ئاسانکاریی لە بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنی شەشەمین خولی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاریانداوە، لە 6ی مانگەوە واتە پێنجشەممە ئەو ناوەندانەی دەبنە بنکەی دەنگدان دەدرێنە کۆمسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، هەربۆیە لە پێنجشەممەوە لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن پشووی فەرمییە.

 

وەزارەت ئاماژەی بەوەشداوە، پشووەکە تەواوی خوێندنگە حکومیی و ناحکومیی و نێوەدەوڵەتییەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.

 

 

لەبارەی دەستپێکردنەوەی دەوامیشەوە لە ڕەگەیەندراوەکەدا هاتوە، کە ڕۆژێک دوای هەڵبژاردن و لە 12ی مانگ، کە دەکاتە چوارشەممەی هەفتەی دواتر دەوامی ئاسایی دەستپێدەکاتەوە، ئەو ناوەندانەشی بنکەی دەنگدان بوون دەتوانن وانەی یەکەم نەخوێنن و ئامادەسازیی بکەن لە وانەی دووهەمەوە دەستپێبکەن.

 

بڕیارە لە11ی تشرینی دووهەم کە سێشەممەی هەفتەی داهاتووە هەڵبژاردنی گشتیی بۆ 320 کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە هەرێمی کوردستان و عێراق بەڕێوەبچێت و پشووی فەرمیش لە چوارچێوەی پڕۆسەکەدایە....

21689 جار خوێندراوەتەوە