ئایا ترەمپ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێدەبەخشرێت؟

KNN : Kurdish News Network
11:05 - 10/10/2025
جیهان
+
-

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چەندین بۆنەدا خواستی خۆی بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی دەربڕیوە. بەڵام زۆرێک لە چاودێران ئەمە بە دور دەزانن.

 


دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە کە "شایستەی" خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییە، بە ئاماژەدان بە ڕۆڵی خۆی لە چارەسەرکردنی چەندین ناکۆکی. تەنانەت لەم هەوڵەدا ئەوەندە دوور کەوتۆتەوە، کە چاودێران پێیان وایە گرنگییەکی تایبەتی هەیە بۆی، لەم دواییانەدا ڕایگەیاند کە نەدانی خەڵاتەکە بەو سوکایەتیکردنە بە ئەمەریکا.

 


ئەمساڵ 338 کەس و ڕێکخراو کاندید کراون بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، کە لە ساڵی 2024 بەخشرایە کۆمەڵێک لە ڕزگاربووانی هێرشەکانی بۆمبی ئەتۆمی بۆ سەر هێرۆشیما و ناگازاکی، وەک ڕێزلێنانێک بۆ خەباتیان دژی چەکی ئەتۆمی.

 


کێ پشتگیری لە کاندیدکردنی ترەمپ دەکات بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی؟

 


بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە ڕێککەوتنی ئاگربەستی لە غەززە ڕاگەیاندووە، پێویستە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی پێبدرێت.

 


هەروەها کۆڕبەندی بنەماڵەی بارمتە و بێسەروشوێنەکانی ئیسرائیل ڕۆژی دووشەممە داوای کرد کە ئەو خەڵاتە بە سەرۆکی ئەمریکا ببەخشرێت وەک ڕێزلێنانێک بۆ "بڕیارەکەی بۆ گەیشتن بە ئاشتی" لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

 


لای خۆیەوە ماڵتا کە ئەندامی یەکێتیی ئەورووپایە پاڵپشتی ئەم پێشنیازەی کرد بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بۆ ترامپ. ئیان بۆرگ، وەزیری دەرەوەی ماڵتا ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکای بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی کاندید کردووە.

بۆرگ لە پۆستێکی فەیسبووکدا ئاماژەی بە سەرکەوتنی ترەمپ کرد لە دانوستانەکانی ئاشتی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان و هەوڵەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئۆکرانیا.

 


چانسی ترەمپ بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی چەندە؟

 


پێناچێت ترەمپ چانسی زۆری هەبێت بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی، بەتایبەتی ئەمساڵ.

 


پیتەر والێنستن، مامۆستای زانکۆی سویدی و پسپۆڕی کاروباری نێودەوڵەتی بە ئاژانسی فرانس پرێس-ی ڕاگەیاندووە، "نا، ئەمساڵ ترەمپ نایبات". "بەڵام ڕەنگە ساڵی داهاتوو چانسی هەبێت.

 


خەڵاتی نۆبڵ میدالیایەکی زێڕ، بڕوانامەیەک و بڕی یەک ملیۆن دۆلاری لەگەڵدایە. رۆژی 10ـی دیسێمبەر کە ساڵیادی کۆچی دوایی ئالفرێد نۆبڵی زانا و داهێنەری خەڵاتی نۆبڵە، بەفەرمی لە ستۆکهۆڵم و ئۆسلۆ رادەستی براوەکان دەکرێن.


خەڵاتەکە لە ساڵی 1901ـەوە لەسەر دەستی ئالفرێد نۆبڵ، زانای سوێدی داهێنراوە و لە بوارەکانی ئاشتی، کیمیا، فیزیا، ئابووری، پزیشکی و وێژە (ئەدەبیات) دەبەخشرێت. بۆ ئەم ساڵ 338 بەربژێر هەبوون کە 94 لەوانە رێکخراو بوون. ناوەکانیان بە نهێنی دەمێنێتەوە و دوای 50 ساڵ ناوەکان ئاشکرادەکرێن. 

خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی تاکە خەڵاتە کە براوەکانی لەلایەن لیژنەی نەرویجییەوە دەستنیشاندەکرێن، لەکاتێکدا براوەکانی خەڵاتەکانی دیکە لەلایەن لیژنەی سوێدییەوە رادەگەیێندرێن. 

114 جار خوێندراوەتەوە