مەسرور بارزانی لەبارەی موچە و هەژماری من پەیامێکی بڵاوکردەوە

KNN : Kurdish News Network
09:26 - 01/10/2025
کوردستان
+
-

لە راگەیەندراوێکدا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی لەبارەی موچە وهەژماری منەوە رایگەیاند" تا ئێستا زیاتر لە سێ ملیار دۆلاری مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ، لە ڕێگەی بانکە بەشداربووەکانەوە دراوە ، ئەمەش هەلی کاری نوێی لە کەرتی خزمەتگوزارییە داراییەکاندا ڕەخساندووە و ڕێگەی بۆ دروستبوونی متمانەی بانکی خۆشکردووە".
هەواڵ: KNN

دەقی راگەیەندراوەکەی مەسرور بارزانی:

خۆشحاڵم کە دەبینم زیاتر لە نیو ملیۆن فەرمانبەر و خانەنشینی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئێستا مووچەکانیان بە شێوەی دیجیتاڵی، لە ڕێگەی ئەو بانکانەوە وەردەگرن کە بەشدارن لە پڕۆژەی (هەژماری من).

لە دوای ڕاگەیاندنی پڕۆژەی (هەژماری من)ی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2023 ەوە تا ئێستا ، ژمارەی ئەو کەسانەی کە هەژماری بانکییان لە کوردستان هەیە، لە کەمتر لە 5%ەوە بووە بە زیاتر لە 15%. هەروەها پڕۆژەکە بانکەکانی هانداوە بۆ فراوانکردنی خزمەتگوزاریی تاکەکەسی و زیادکردنی لق و تۆڕەکانی ئامێری ڕاکێشانی پارە و باشترکردنی خزمەتگوزاریی کڕیاران. پارە دانان لە بانکە بەشداربووەکانیش، بەردەوام ڕوو لە زیادبوونە، کە بەم هۆیەوە،  قەرزی تاکەکەسی و بازرگانی دەدرێت.

تا ئێستا زیاتر لە سێ ملیار دۆلاری مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ، لە ڕێگەی بانکە بەشداربووەکانەوە دراوە ، ئەمەش هەلی کاری نوێی لە کەرتی خزمەتگوزارییە داراییەکاندا ڕەخساندووە و ڕێگەی بۆ دروستبوونی متمانەی بانکی خۆشکردووە. دەستڕاگەیشتن بە متمانەی بانکی بۆ گەشەپێدانی ئابووری و کۆمپانیا بچووک و ناوەندەکان و تازە دەستپێکردووەکان ، زۆر گرنگە.

هەروەها ( هەژماری من ) ، پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ئاسانتر و خەرجکردنیشی خێراتر کردووە و ڕوونیی و شەفافیەت لە دابینکردنی مووچەی حکومەتیشدا زیاتر بووە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان، تا کۆتایی ساڵی 2028، خزمەتگوزاریی بانکیی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، بۆ زیاتر لە 50% بەرز دەکاتەوە.

ئەمە هەنگاوێکی گرنگە، بەڵام کاری زۆر زیاتر لە پێشە. بەردەوام دەبین لە کارکردن تاکوو خەڵکی سوود لە خزمەتگوزاریی بانکی پارێزراو و سەردەمیانە ببینن، ئەمەش بەشێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان .

3777 جار خوێندراوەتەوە