پەرلەمانی ئێران پرۆژەیەکی
هەموارکردنی یاسای دراو و بانکیی پەسەند کرد، کە تێیدا لابردنی چوار سفر لە پارەی
نیشتمانی پێشنیاز کرابو، بە ئامانجی سادەکردنی
مامەڵە داراییەکان و بەرزکردنەوەی سەقامگیری دراوی وڵاتەکە.
هەواڵ:KNNC
دوای ئەوەی لە
دانیشتنێکی گشتیدا پڕۆژە یاسای لابردنی
سفرەکان، خرایە دەنگدانەوە لە نێو پەرلەمانی ئێران بە زۆرینەی دەنگی 144
دەنگی بەڵێ و 108 دەنگی نەخێر و 3 دەنگی بێلایەن، مادەکانی ڕەشنووسی هەموارکردنەوەکە
پەسەندکرا.
بە گوێرەی یاساکە، پێویستە بانکی ناوەندی ئێران لە ماوەی دوو
ساڵدا ڕێکخستنە جێبەجێکارییە پێویستەکان بۆ دەستپێکردنی قۆناغی گواستنەوە وەربگرێت
و لە ڕێگەی ڕۆژنامەی فەرمی و پلاتفۆرمە ئەلیکترۆنیەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی نیشتمانییەوە
بە فەرمی ئەوە ڕابگەیەنێت.
ئاماژە بەوەشکراوە کە ڕێساکانی جێبەجێکردن لە ماوەی سێ مانگدا ئامادە
دەکرێت و ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەت دێت بۆ بەرزکردنەوەی کارایی سیستەمی
دراو و ئاسانکاری مامەڵەی دارایی ڕۆژانەی هاوڵاتیان و دەستەبەرکردنی سەقامگیری نرخ
لە بازاڕە ناوخۆییەکان.
جێی باسە لە ئێستادا
ئێران لە قەیرانێکی دارایی و ئابوری قورسدایە و دوای سەپاندنەوەی سزاکانیش
بەسەریدا لەلایەن رۆژئاواوە، قەیرانەکان قوڵتربونەتەوە و هاوڵاتیانی ئەو وڵاتە لە
دۆخێکی ئابوری سەختدا ژیان دەگوزەرێنن.
260 جار خوێندراوەتەوە