زانست ئەو هۆكارەی ئاشكراكرد كە لە پشت ژیانی بەتەمەنترین ژنەوە بوە و ئاشكرایكرد كە چ جۆرە خواردنێكی خواردوە.
هەواڵ ؛ KNNC
کاتێک ماریا برانیاس مۆرێرا، بەتەمەنترین کەس لە جیهاندا، لە تەمەنی
١١٧ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، نەک هەر تۆمارێکی سەرنجڕاکێشی ژیانی لە دوای خۆی بەجێهێشت،
بەڵکو دیارییەکی بەنرخی پێشکەش بە زانست کرد: ئەویش وەرگرتنی نمونەیەكی ڕیخۆڵەکانی بوو ڕەنگە یارمەتی زاناکان بدات بۆ تێگەیشتن لەنهێنییەکانی تەمەن درێژی ئەو ژنە.
لە توێژینەوەیەکدا کە
لە گۆڤاری Cell
Reports Medicine بڵاوکراوەتەوە،
تیمێکی توێژەران ئەوەیان ئاشکرا کردووە کە بە دۆزینەوەیەکی "بێ وێنە" وەسفی
دەکەن لە تێگەیشتن لە پەیوەندی نێوان مایکرۆبایۆمی ڕیخۆڵە و تەمەنی درێژ.
مایکرۆبایۆمی ڕیخۆڵە کۆمەڵێک
وردە زیندەوەرە کە لەناو کۆئەندامی هەرسدا دەژین و ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە هەرسکردن،
بەرهەمهێنانی ڤیتامین، پشتگیری بەرگری و تەنانەت کاریگەری لەسەر مێشک.
ئەنجامەکان دەریانخستووە
کە ڕیخۆڵەی برانیاس کە ساڵی ڕابردوو کۆچی دوایی کردووە، جۆراوجۆری بەکتریایەکی
هاوشێوەی ئەو کەسانەی تێدابووە كەبە دەیان ساڵ لە خۆی بچووکترن، ئەمەش ڕەنگە تەندروستی
باش بداتە كەسە بەتەمەنەكان.
پشکنینەکان دەریانخستووە
کە ڕیخۆڵەکانی ماریا برانیاس مۆرێرا دەوڵەمەند بوە بە بەکتریاکانی بیفیدۆباکتریۆم، ئەو وردە زیندەوەرانە
ناسراون بە ڕۆڵی کاریگەریان لە پشتگیریکردنی بەرگری لەش و ڕێکخستنی ئاستی کۆلیسترۆڵ
و ڕێگریکردن لە نەخۆشییەکانی هەرس.
بەگوێرەی لێدوانی برانیاس
پێش مردنی، ڕۆژانە سێ قاپ ماستی خواردووە،
کە سەرجەمیان بەكتریای زیندوویان تێدابووە.
هەروەها ڕێجیمێکی
تایبەت بە دەریای ناوەڕاستی پەیڕەو کردووە، کە لەسەر بنەمای سەوزە و میوە و دانەوێڵەی
تەواو و زەیتی زەیتون دروستکراوە، کە یەکێکە لەو ڕێجیمانەی کە زۆرترین پەیوەندی بە
تەندروستی ڕیخۆڵە و تەمەن درێژییەوە هەیە.
ئەم شێوازە خۆراکییە لەگەڵ
خواردنی بەردەوامی ماست، یارمەتی پاراستنی مایکرۆبایۆمێکی هاوسەنگ و بڕێکی زۆر لە
بەکتریا سودبەخشەکانی داوە و هەرلە لێکۆڵینەوەکەدا دەرکەوتووە کە برانیاس هەڵگری بازدانی بۆماوەیی بووە کە لە هەندێک نەخۆشی باو دەیپارێزێت، وەک نەخۆشییەکانی دڵ و شەکرە.
1807 جار خوێندراوەتەوە