یاداشتنامەی هاوکاری ئێران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی پەسەندکرا

KNN : Kurdish News Network
04:47 - 14/09/2025
جیهان
+
-

ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە"یاداشتنامەی هاوکاری" لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لەلایەن لیژنەی ئەتۆمی ئەنجومەنەکەوە پەسەندکراوە.

هەواڵ:KNN

بەپێی "یاسای پابەندکردنی حکومەتی ئێران بە ڕاگرتنی هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی" کە ڕۆژێک دوای ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل لەلایەن مەجلیسی شۆرای ئیسلامییەوە پەسەندکرا، پێویستە حکومەتی ئێران پێش هاوکاریکردن لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی داوای بۆچونی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی بکات.

ئێستا، ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی لە بەیاننامەکەیدا بە ڕونی ڕێککەوتنە نوێیەکەی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی پەسەند کردوە و نووسیویەتی، “دەقی ئەم ڕێکخستنانە لەلایەن لیژنەی ئەتۆمی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانییەوە پێداچونەوەی بۆ کراوە و ئەوەی واژۆ کراوە، لە بنەڕەتدا ئەوەیە کە لەلایەن ئەم لیژنەیەوە پەسەند کراوە.”

ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران جەخت لەوەدەکاتە کە ئەگەر هێرش بکرێتەوە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان ئەو رێککەوتنە رادەگیردرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە کە عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ڕافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، هەفتەی ڕابردو بە نێوەندگیری بەدر عەبدولعەتی، وەزیری دەرەوەی میسر لە قاهیرە، پرۆتۆکۆلێکی نوێیان بۆ پشکنینی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران واژۆ کرد.

226 جار خوێندراوەتەوە