خوشکی سەرۆکی کۆریای باکوور هۆشداری دەداتە ئەمەریکا، کوریای باشور و ژاپۆن

KNN : Kurdish News Network
08:00 - 14/09/2025
جیهان
+
-


  کیم یۆ جۆنگی خوشکی کیم جۆنگ ئون سەرۆکی کۆریای باکور هۆشداری داوە لە مانۆڕی سەربازی هاوبەشی ئەمریکا و کۆریای باشور و ژاپۆن، جەختیکردوەتەوە ئەو کارەیان  کاردانەوەی نەرێنی بۆ هەر سێ وڵاتەکە بەدوای خۆیدا دەهێنێت.

هەواڵ:KNNC

ئەمڕۆ یەکشەممە، میدیای دەوڵەتی کۆریای باکور بڵاویکردوەتەوە، خوشکی سەرۆکی کۆریای باکور هۆشداری داوە لە مانۆڕی سەربازی سێقؤڵی ئەمەریکا، کۆریای باشور و ژاپۆن لە نزیک سنورەکانی کۆریای باکور.

ئەم هۆشدارییە لە دوای ئەوە دێت، سوپای کۆریای باشور ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی و ژاپۆن و ئەمەریکا ساڵانە مەشقی بەرگری بە ناوی "لێواری ئازادی" ئەنجام دەدەن کە لە 15ی ئەیلولەوە دەستپێدەکات بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی و دەریایی و ئەلیکترۆنی لە بەرامبەر هەڕەشە ئەتۆمی و موشەکییەکانی کۆریای باکور.

میدیاکانی کۆریای باشوریش بڵاویانکردەوە، سیئۆل و واشنتۆنیش پلانیان هەیە لەم هەفتەیەد ئۆپراسیۆنێک  ئەنجام بدەن، ئەمەش ھاوشێوەکردنی توانا ئاسایی و ئەتۆمییە یەکگرتووەکانی ئەو وڵاتانە لە بەرامبەر ھەڕەشەکانی کۆریای باکور.

ئاژانسی هەواڵی ناوەندی فەرمی کۆریا لە زاری کیمەوە بڵاویکردەوە، "ئەمە ئەوەمان بیردەخاتەوە کە ئەو نمایشە بێباکانەی هێز کە ئەمەریکا و ژاپۆن و کۆریای باوور لە شوێنە هەڵەکاندا نیشانیانداوە، واتە لە دەوروبەری کۆریای باشوور، بێ گومان کاردانەوەی نەرێنی بۆ ئەوان بەدوای خۆیدا دەهێنێت".

ئەمە لە کاتێكدایە، کۆریای باکور  بەردەوام ڕەخنەی لە ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان گرتوە و وەک ڕاهێنان  بۆ لەشکرکێشی سەیری دەکات و وەک کاردانەوەیەکیش بۆ ئەو سێ وڵاتە،  هەندێکجار بە تاقیکردنەوەی چەک وەڵامییان داوەتەوە، لە بەرامبەردا  سیئۆل و واشنتۆن، بەردەوام جەختلەوەدەکەنەوە؛ د ئەو مانۆڕە سەربازییانە تەنیا مەبەست لێی بەرگرییە.

264 جار خوێندراوەتەوە