نەتانیاهۆ: بە ئەگەری زۆرەوە سەرکردەکانی حەماس لە هێرشەکەی قەتەردا رزگاریان بوە

KNN : Kurdish News Network
09:58 - 14/09/2025
جیهان
+
-


بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکسدا، دان بە شکستی وڵاتەکەیاندا دەنێت و رایگەیاندوە؛ بە ئەگەری زۆرەوە  سەرکردەکانی حەماس لە هێرشەکەدا ڕزگاریان بوە.

هەواڵ:KNNC

دوای پێنج رۆژ لە هێرشەکەیان بۆسەر دۆحەی پایتەختی قەتەر، نەتانیاهۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، بڵاویکردوەتەوە لە هێرشەکەی دۆحەدا ، بە ئەگەری زۆرەوە سەرکردەکانی حەماس رزگاریان بوە.



بنیامین ناتانیاهۆ بە زمانی ئینگلیزی بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس دانی بەوەداناوە کە سەرکردەکانی حەماس لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دۆحە نەکوژراون و نوسیویەتی؛ "نەهێشتنیان دەبێتە هۆی لابردنی بەربەستی سەرەکی لەبەردەم ئازادکردنی هەمو بارمتەکانمان و کۆتاییهێنان بە شەڕ."

 لەلایەکی دیکەوە مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گەشتوەتە ئیسرائیل و لە سەردانێکی دوو ڕۆژەدا بۆ ئەو وڵاتە باس لە هێرشکردنە سەر دۆحە و کاریگەرییەکانی لەسەر دانوستانەکانی ئاگربەست لە غەززە دەکەن.

پێنج ڕۆژ بەسەر روداوەکەدا تێپەڕیوە، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کە بەهۆی هێرشەکەی سەر قەتەرەوە ڕەخنەی زۆری لێ گیراوە، سەرکردەکانی حەماسی تۆمەتبار کرد بەوەی کە ڕێگری لە هەر هەوڵێکی ئاگربەست دەکەن.


لە دوای هێرشەکەس، ئیسرائیل دەستبەجێ بەرپرسیارێتی هێرشەکەی بۆ سەر دۆحە  لە ئەستۆگرت و هەر لەو ڕۆژەدا وێنەی نەتانیاهۆ لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی هێرشەکەدا بڵاوکرایەوە کە دیاربو خۆی سەرکردایەتی دەکات.

100 جار خوێندراوەتەوە