دانا ئەحمەد مەجید: گۆڕانکاری بەڕێوەیە و خۆمان بۆ ئەو گۆڕانکارییە ئامادە دەکەین

KNN : Kurdish News Network
02:20 - 13/09/2025
کوردستان
+
-

ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند گۆڕانکاری گەورە لە ناوچەکە بەڕێوەیە و عێراق و هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، بەشێوەیەک ئایندەی ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان وابەستەی یەکن و ڕوداوەکانی سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان کاریگەرییان لەسەر عێراق و قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان دەبێت.

هەواڵ: KNN

لە میانەی سەردانێکدا بۆ ئیدارەی ڕاپەڕین و قەزای ڕانیە، لەگەڵ ژمارەیەکی بەرچاو لە هەڵسوڕاوان و گۆڕانخوازانی ناوچەکە کۆبووەوە. لەو کۆبونەوەیەدا دانا ئەحەمەد مەجید تیشکی خستە سەر گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و ئاماژەی بەوەدا، ئایندەی هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان بەستراوەتەوە بەیەکەوە و گۆڕانکارییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستانیش دەبێت.

ڕاشیگەیاند کورد لە ڕؤژئاوا بە دوای جۆرێک حوکمی زاتی و فیدڕاڵییەوەیە و هەسەدە هێزێکی بەهێز و کاریگەرە و ڕۆڵی دەبێت لە یەکلایی کردنەوەی ئایندەی سیاسی سوریا، بەتایبەت کە سەرجەم پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە خۆیان لەم هێزە دەبییننەوە بە کورد و عەرەب و مەسیحی و دروزی و عەلەوییەوە، کە تەنها سەرکرادیەتیەکەی کوردە و وڵاتانی زلهێز تەنها وەک کورد سەیری ناکەن بەڵکو بووەتە هێزێکی فرە ڕەنگ و پێکهاتە و جێی ئومێدی هەمو لایەک.

لە درێژەی قسەکانیدا، ڕێکخەری گشتی باسی لە هەنگاوەکانی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراو کرد و وتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراقە و دوای جێگیربوونیان لە هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی ساڵێک بەشێکی دیکەشیا. دەبرێنەوە بنکەی تەنەف لە سوریا. هاوکات، ئەمریکا دەیەوێت هێڵێکی پەیوەندی لەنێوان ڕۆژئاوای کوردستان و دروزییەکان  و عەلەوییەکان دروست بکات و هەسەدە و دروزییەکان بکاتە هاوسنوری یەک و دەیانپارێزێت لە هێرشی گروپە چەکدارە توندڕەوەکان.

لەبارەی دۆخی ناوخۆیی بزوتنەوەی گۆڕان، دانا ئەحمەد مەجید ئاماژەی بۆ بەردەوامی پرۆسەی خۆڕێکخستنەوەی ئۆرگانەکان کرد و قۆناغەکانی پرۆسەکەی بۆ هەڵسوڕاوانی ڕانیە باس کرد. لەو چوارچێوەیەدا ئاماژەی بەوەکرد هاوتەریب لەگەڵ گۆڕانکاریەکان خۆمان ئامادە دەکەین و پڕۆژی بەدیلی سیاسیی لەلایەن ژوری توێژینەوەکان و ئۆرگانە پەیوەندیدارەکان ئامادەکراوە، بۆیە چاومان لەوە هەڵسوڕاو و گۆڕانخوازان لە کۆبونەوە و دیداری گشتی گۆڕان بە سەرنج و پێشنیازەکانیان بەشداربن لە داڕشتنەوەی سیاسەتی بزوتنەوەی گۆڕان و بەیەکەوە لە ئاست چاوەڕوانی خەڵک و جەماوەری پڕ ئومێدی هەرێمی کوردستان بین.

601 جار خوێندراوەتەوە