فیدان: دەرفەتێک دەدەین بە هەسەدە و دیمەشق بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان

KNN : Kurdish News Network
07:33 - 13/09/2025
کوردستان
+
-

وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاشکرای دەکات کە هێزەکانی سوریای دیموکرات دەیانەوێت ئەو قەیرانە بقۆزنەوە کە ئیسرائیل لە سوریا دروستی کردووە بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندییەکانی خۆیان و وتیشی" دەرفەتێک دەدەین بە دیمەشق و هێزەکانی هەسەدە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان و بەشداریکردن لە سەقامگیری سوریا".

هەواڵ:KNN

هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند" ئەگەر هێزەکانی هەسەدە بتوانێت لەگەڵ حکومەتی دیمەشق بگەنە ڕێککەوتن، باشە هەرچەندە ئەوان پێشتر لە 10ی ئازاردا ڕێککەوتنێکیان واژۆ کردبو و ئێمە بە تەواوی لە مەرجەکانی ڕازی نەبوین، بەڵام پێمان وایە پابەندبونی هەردو لایەن سودی دەبێت".

ناوبراو درێژەی بە قسەکانی دا و وتی" ئەمڕۆ سەرنجمان داوە کە هەسەدە  لە پێشخستنی ڕێککەوتنەکە لەگەڵ دیمەشق خاو بوەتەوە و پێمانوایە کە هەسەدە حساب بۆ ئەو قەیرانانە دەکات کە ئیسرائیل لە سوریا دروستی کردوە بۆ بەدەستهێنانی دەرفەتی نوێ، ئەوان پێیان وایە ئەگەر شەپۆلێکی نوێی ناسەقامگیری لە سوریا ڕوبدات ئەوە باشتر دەبێت بۆ داهاتویان."

وەزیری تورکیا جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی بە جددی و بەردەوام مامەڵە لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکات و دەڵێت "هەڕەشەکان بۆ سەر تورکیا ڕون و ئاشکرایە، تا ئەو هەڕەشانە بەردەوام بن، ئێمە ڕازی نابین لەوەی کە ڕودەدات و ناچار دەبین ڕێوشوێنی پێویست بگرینەبەر".

فیدان ڕونیشیکردەوە کە ئەنقەرە دەرفەتێک دەدات بە دیمەشق و هێزەکانی سوریای دیمەکرات بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانیان و بەشداریکردن لە سەقامگیری سوریا و هێورکردنەوەی نیگەرانییە ئەمنییەکانمان، چونکە هەسەدە بۆ ئایندەی خۆی گرەو لەسەر شەپۆلێکی نوێی ناسەقامگیری لە سوریا دەکات.

لەبارەی ئەگەری هێرشکردنە سەر کورد و هەسەدە، هاکان فیدان جەختیکردەوە، ئێمە هەموو ڕێگایەکی ئاشتیانەی لەبەردەستدایە بەکاردەهێنین، ڕەنگە هیچ بژاردەیەکی ترمان نەبێت ئەگەر دۆخەکە خراپتر بوو.

253 جار خوێندراوەتەوە