هێزەکانی ئەمەریکا لە بنکەی عەین ئەسەد لە پارێزگای
ئەنبار لە ڕۆژئاوای عێراق دەستیان بە کشانەوە کرد، بەگوێرەی زانیارییەکان، لە دوێنێوە کشانەوەی هێزەکە دەستی پێکردوە و ئەمڕۆش ژمارەیەک لە کارمەندان و ئامێرەکان بە فڕۆکە
گواسترانەوە بۆ دەرەوە.
هەواڵ:KNNC
ئەمڕۆ هەینی میدیا
عێراقییەکان بڵاویانکردوەتەوە، هێزەکانی
ئەمەریکا بە شێوەیەکی بەرچاو و جیاواز لە جاران دەستیان بە کشانەوەکردوە لە بنکەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار، ئاماژەیان بەوەشکردوە، ئەم هەنگاوەی ئەمەریکا لەو بنکەیەدا بۆیەکەمجارە ڕودەدات کە
کارمەندیش بگوازنەوە، بە جۆرێک لە جارەکانی دیکەدا تەنها ئامێریان گواستوەتەوە.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەشکردوە، "پێشبینی
دەکرێت تا سەرەتای مانگی ئەیلولی 2025 بنکەی عەین ئەسەد بە تەواوی لە ئامادەبونی ئەمریکا
دوربکەوێتەوە و لە 15ی ئەیلولدا بنکەکە بە تەواوی دادەخرێت".
کشانەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی
پێشوی نێوان بەغدا و واشنتۆن دێت کە ئامانج لێی کۆتاییهێنان بە ئەرکە سەربازییەکانی
هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق و گۆڕینی هاوکارییەکانە بۆ بواری ئەمنی.
بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد دەکەوێتە ڕۆژئاوای ئەنبار
و یەکێکە لە گەورەترین بنکە سەربازییەکانی عێراق، هێزەکانی ئەمریکا لە ساڵی 2003ەوە
وەک یەکێک لە ناوەندە ستراتیژییەکانیان لەو وڵاتە بەکاریان هێناوە.
287 جار خوێندراوەتەوە