وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاندوە، بە لەبەرچاوگرتنی
گۆڕانی کەشوهەوای وڵات، کەرتی ئاژەڵداری لە ئاستێکی باشدایە و بەرهەمهێنانی سامانی
ماسی خۆبژێوی تێپەڕاندوە، ڕێژەی بەرهەمهێنانیان گەیاندوەتە 100 هەزار تۆنی
ساڵانە.
هەواڵ:KNNC
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەڕێوەبەری گشتیی بەشی سامانە ئاژەڵییەکانی
وەزارەتی عێراق، وەلید ڕەزوقی، بە میدیا عێراقییەکانی ڕاگەیاندوە، "دۆخی ئاژەڵداری
لە عێراقدا کەرتی پەلەوەریش دەگرێتەوە، کە یەکێکە لە کەرتە تازەپێگەیشتوەکانی وڵات.
ئاماژەی بەوەشکردوە، توانیویانە لە 50٪ی خواستی ناوخۆی
وڵات لەسەر مریشک پڕبکەنەوە و بەهۆی زیادبونی ژمارەی پڕۆژەکانیشەوە بەرەوپێشچونی بەردەوامی
هەیە.
لەبارەی ئاستی ئاژەڵداریشەوە وتویەتی؛ ژمارەی مەڕ و
بزن و مانگا و گامێشەکانیش لە زیادبوندایە، بەڵام بەهۆی کاریگەرییە نەرێنییەکانی
وشکەساڵی و کەمی بارانبارینەوە زیادبونەکە کەمترە لەوەی هیوای بۆ دەخوازن.
ناوبراو لە بارەی سامانی ماسیشەوە وتویەتی؛ ساڵانە بەرهەمی
ناوخۆیی نزیکە لە 100 هەزار تۆن، بەڵام وشکە ساڵێش کاریگەری لەسەر بەرهەمی ماسی کردوە و
بوەتە هۆی پڕکردنەوەی زۆرێک لە ئەو حەوز و دەریاچە دەستکردانەی کە رێگەپێندەراون.
جەختیشی کردەوەتەوە کەدۆخی گشتی ئاژەڵداری بە بەراورد لەگەڵ
گۆڕانی کەشوهەوا و بونی وشکەساڵی، کە کاریگەری لەسەر کەشوهەوای عێراق هەیە، لە ئاستێکی باشدایە و
جێگەی ئومێدە.
98 جار خوێندراوەتەوە