غەززە؛ حەماس چاوەڕێی ئیسرائیل بۆ ڕێککەوتون.. مەرجەکان و داواکرییەکان چین؟

KNN : Kurdish News Network
08:27 - 19/08/2025
جیهان
+
-


دوای ئەوەی حەماس بە پێشنیاری ئاگربەست لە کەرتی غەززە ڕازی بوە، ناوبژیوانانی میسر و قەتەر چاوەڕێی وەڵامی ئیسرائیلن تا کۆتایی ئەم هەفتەیە، ئامانج لە ڕێکەوتنەکە  چونە ناو ئاگربەستێکی 60 ڕۆژەیە، کە دەبێتە هۆی دانوستان بۆ ئاگربەستی کۆتایی.

هەواڵ:KNNC


پێشنیاری ئاگربەست لە کەرتی غەززە کە لەلایەن حەماسەوە ڕەزامەندی لەسەر دراوە بە مەرجی ئاگربەستی 60 ڕۆژە، خۆی لە ئازادکردنی بارمتەکان قۆناغ بە قۆناغ، کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە بەشێک لە غەززە و گفتوگۆکردن لەسەر کۆتاییهێنان بە ململانێکان دا دەبینێتەوە.



ئاژانسەکانی هەواڵ  لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە ڕایانگەیاندوە، ڕێکەوتنەکە چەند خاڵێک لە خۆ دەگرێت،کە ئەمانەن؛

 

یەکەم- دە بارمتەی ئیسرائیلی کە لە غەززە دەستبەسەر کراون، لەگەڵ جەستەی 18 کەسی دیکە لە ماوەی 60 ڕۆژدا دەگەڕێندرێنەوە بۆ ئیسرائیل و  سوپای وڵاتەکەش دەڵێت؛ لە کۆی ئەو 50 بارمتەی کە لەلای حەماسن پێدەچێت 20 کەسیان لە ژیاندا بن.



دوەم- لەبەرامبەردا ئیسرائیل 150 بەندکراوی فەلەستینی ئازاد دەکات کە سزای زیندانی هەتاهەتایییان بەسەردا سەپێنراوە و 50 فەلەستینی کە سزای زیاتر لە 15 ساڵیان بەسەردا سەپێنراوە.



سێێەم-  لە بەرامبەر هەر تەرمێک کە لەلایەن حەماسەوە دەگەڕێتەوە، ئیسرائیل تەرمی 10چەکداری فەلەستینی دەگەڕێنێتەوە.



ئیسرائیل بە بەشداری نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سور ڕێگە بە هاوکارییەکان دەدات بۆ ناو غەززە.


چوارەم - سوپای ئیسرائیل لە غەززە دەمێنێتەوە، بەڵام دەکشێتەوە بۆ ناوچەیەک کە نزیکەی یەک کیلۆمەتر پانییە بەدرێژایی سنوورەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی کەرتییەکە، لەنێویاندا ناوچەکانی بەیت لاهیە و شوجاعییە.



کاتێک ئاگربەستەکە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، حەماس و ئیسرائیل دانوستانەکان لەسەر ئاگربەستی هەمیشەیی دەست پێدەکەن.

1190 جار خوێندراوەتەوە