سەرکردایەتی پەکەکە داوای جێبەجێکردنی مافی هیوادەکەن بۆ ئازادکردنی ئۆجەلان

KNN : Kurdish News Network
08:20 - 07/08/2025
کوردستان
+
-


مستەفا قەرەسو، سەرکردەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) داوای لە دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی تورکیا (مەهەپە) کرد، ئەو دەستپێشخەرییە جێبەجێ بکات کە لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردو سەبارەت بە ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجالان دەستیپێکرد.

هەواڵ:KNNC

ئەو سەرکردەی پەکەکە ڕایگەیاندوە ساڵانێکە "ڕێبازی ناڕەزایەتی" سەبارەت بە مافی هیوا هەبوە و دەڵێت "بیرخستنەوەی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا بۆ مافی هیوا 10 ساڵ لەمەوبەر بوو، ساڵی ڕابردو هۆشداری لەو بارەیەوە درا و دوای ساڵێک، سەرلەنوێ بەو بابەتەدا تاوتوێکرایەوە، بەڵام تا ئێستا دەسەڵاتداران هیچ هەنگاوێکیان لەو بارەیەوە نەناوە".


ئاماژەی بەوەشکرد، باخچەلی داوای لە پەکەکە کرد ڕیزەکانی هەڵبوەشێنێتەوە و دەستبەرداری خەباتی چەکداری بێت، بۆ ئەوەی مافی هیوا جێبەجێ بکات، پەکەکە ئەوەی کرد، ئێستا نۆرەی باخچەلییە بەڵێنەکەی جێبەجێ بکات.

دەشڵێت؛ باخچەلی پێشنیاری ئەوەشی کرد کە ئۆجالان لە پەرلەمان وتارێک پێشکەش بکات، بەڵام دەسەڵات نەیوێرا ئەو دەرفەتە بداتە ئۆجەلان کە لە پەرلەماندا قسە بکات، ئەگەرنا هۆکارەکانی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و وەستاندنی خەباتی چەکداری دەکرا باشتر بۆ ڕای گشتی ڕونبکرایەتەوە.

مستەفا قەرەسو  وتوشیەتی؛ پەکەکە وەڵامی بانگەوازی سەرکردەکەی دایەوە بۆ ڕاگرتنی خەباتی چەکداری و هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوەکانی و دانانی چەکەکانیان ڕاگەیاند.

قەرەسۆ جەختیکردوەتەوە لەوەی دەبێت باخچەلی بەڵێنەکەی جێبەجێبکات و پابەند بێت پێوەی و مافی هیوا بۆ ئۆجەلان مسۆگەر بێت. ئەمە تەنها وتارێکی هەڕەمەکی نییە لەلایەن باخچەلی. بەڵکو بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئەردۆغان ئەم وتارەی پێشکەشکردووە.

46 جار خوێندراوەتەوە